تۆماس باراک، نێردراوی ترەمپ بۆ سووریا، رەخنەی توندی لە ئەنجامی دەستتێوەردانی ئەمریکا لە عێراق گرت و رایگەیاند کە ئەمریکا نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە و “بیست ساڵ لە مێژوویەکی کارەساتبار”ی بەڕێوە بردووە، بەڵام “بەبێ دەستکەوتی راستەقینە” لە عێراق کشاوەتەوە.
باراک دووپاتی کردەوە کە دەستتێوەردانەکە بە “کوژرانی سەدان هەزار کەس و بەجێهێشتنی وڵات لە حاڵەتی ئاژاوەگێڕیدا” کۆتایی هات.
ئاماژەی بەوەدا کە دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئێران لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانەوه بۆشاییە سیاسی و ئەمنییەکەی پڕ کردووەتەوە و کاریگەری خۆی بەهێز کردووە.
تۆم باراک گوتی: میلیشیاکانی سەر به ئێران کاریگەرییەکی زۆریان لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە و سەرەڕای ئەوەی سوودانی “کەسێکی باشە”، بەڵام بەهۆی کۆنترۆڵی لایەنەکانی حەشدی شەعبی بەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکاندا، هێزی سیاسی پێویستی نییە.
باراک جەختی لەسەر گۆڕینی رێبازی ئەمریکا کردەوە: سەرکردایەتی ئێستای ئەمریکا بڕیاری داوە کە هێزی زەمینی نوێ بۆ ناوچەکە نەنێرێت. ئامادەیی ئەمریکا تەنها بە بوونێکی دیپلۆماسی و ئەمنی چڕ لە باڵیۆزخانەیەکی گەورە لە بەغدا و کونسوڵخانەیەکی گەورە لە هەولێر سنووردار دەکرێت. ئامادەییەکەی واشنتن لە ناوچەکەدا تەنیا لەسەر یەک ئەرک چڕ بووەتەوە، ئەویش “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە.”
نێردەی ترەمپ دەڵێت: “شەڕی ئێران لەسەر عێراق زۆر بەهێزە، و تاران سەیری بەغدا دەکات وەک دوا گۆڕەپانی کاریگەریی سەرەکی دوای ئەو فشارانەی لەسەر دۆسیەکانی تری ناوچەکە رووبەڕووی بووەتەوە.”

