zagros news agency

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا گەورەترین هاوپەیمانمانە

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشیی خۆیدا، لە نێو چەند بابەتێکی تردا، ڕەخنەی لە کەمبوونەوەی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین لە ئەورووپا گرتووە. بەڵام بە گوتەی کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم بابەتە نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندییە باشەکانی ئەورووپا و ئەمریکادا.
کایا کاڵاس لە کۆنفرانسێکدا لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، گوتی کە ئەمریکا هێشتا گەورەترین هاوپەیمانی ئەورووپایە. ئەو زیادیشی کرد کە تێڕوانینەکانی هەردوو لا هەمیشە وەک یەک نین، بەڵام “بنەمای سەرەکی” بۆ هاوپەیمانییەکەیان بەردەوامە.
جۆرجیا مێڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، بڕوای وا نییە کە قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسیدا دروست بووبێت. ئەو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی کە باس لە “دابڕان و پچڕانی پەیوەندییەکان” لە نێوان ئەمریکا و ئەورووپادا ناکات، بەڵام ئەورووپا دەبێت تێبگات کە ئەگەر دەیەوێت بەهێز بێت، دەبێت بتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و پشت بەوانی تر نەبەستێت.
ستراتیژیی نوێی ئاسایشیی حکوومەتی ترەمپ، دۆخی سیاسیی ئەورووپا بە هەڕەشەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەسف دەکات. لەم بەڵگەنامەیەدا لە نێو چەند بابەتێکی تردا ئاماژە بە کەمیی ئازادیی ڕادەربڕین و کەمبوونەوەی دیموکراسی لە ئەورووپادا دەکرێت. لەم بەڵگەنامەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی کانوونی یەکەم لە لایەن کۆشکی سپییەوە بڵاو کرایەوە، هاتووە کە ئەورووپا ڕووبەڕووی کێشە گەورەکان بووەتەوە. لە بەشی کۆچبەریشدا هاتووە کە “دابەزینی ئابووریی ئەورووپا” مەترسیی “تیاچوونی شارستانێتی”ی لەگەڵدایە. لەم بەڵگەنامەیەدا ناوی وڵاتی ئەڵمانیا بە تایبەتی هێنراوە و ڕەخنەی لێ گیراوە.
یۆهان ڤادێفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی کردەوە کە ئەمریکا هاوبەشێکی گرنگی ئەڵمانیا بووە و دەبێت لە ناتۆدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو گوتی کە ئەڵمانیا “پێویستی بە ئامۆژگاریی دەرەکی نییە” لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕین یان “چۆنییەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵگە ئازادەکان”. بە گوتەی ئەو، ئەم بابەتانە لە ئەڵمانیادا “بەپێی سیستەمی دیاریکراو لە دەستووری وڵاتدا” مسۆگەر کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کریستین ستیوارت دەیەوێت درێژە بە “Twilight” بداتەوە

ART

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

نیویۆرک تایمز: بنکەیەکی ژێردەریایی ئەتۆمیی ڕووسیا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەرکەوتووە

سەڵاح