بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی تەلەڤیزیۆنیی سیئێنئێن، بڕیارە دووەم گرووپی ئێرانییەکان کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوورخراونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە بە گەشتێک لە ڕێگەی کوێتەوە بەرەو ئێران بگەڕێنەوە. ئەم هەواڵە دوای بڵاوبوونەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراو دێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەبارەت بەوەی کە بەم زووانە گەشتی دووەمی ئێرانییەکانی “نایاسایی” گەیشتوونەتە خاکیی ئەمریکا، بەرەو ئێران دەگەڕێتەوە. تۆڕەکانی هەواڵیی بی بی سی و سیئێنئێن، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆیانەوە، بڵاویان کردەوە کە ئەم گەشتە پێدەچێت ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت.
هێشتا ژمارەی وردیی ئەم دوورخراوانە ڕانەگەیەندراوە و حکوومەتی ئەمریکا تا ئێستا زانیاریی ڕوونی لەبارەی ئەم جۆرە گەشتانە نەخستووەتە بەردەستی ڕاگەیاندنەکان. بەڵام، ئاژانسی هەواڵیی میزان بە گێڕانەوە لە موژتەبا شەستی کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆنسولیی وەزارەتی دەرەوە، ژمارەی ئەم هاووڵاتییە ئێرانییانەی بە ٥٥ کەس دیاری کردووە.
یەکەم گرووپی کۆچبەرە ئێرانییەکان کە حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دوورخستنەوەیانی لە خاکی ئەمریکا دا، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتنە ئێران. تەلەڤیزیۆنی حکوومەتیی ئێرانیش هەر لە کاتی گەیشتنیاندا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لەواندا ئەنجام دا. پێشتر حوسێن نووشابادی، بەڕێوەبەری گشتیی پەرلەمانیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ژمارەی گشتیی ئەم کەسانەی بە نزیکەی ٤٠٠ کەس ڕاگەیاندبوو و گوتبووی کە ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی بە نایاسایی لە ئەمریکا ماونەتەوە و زۆربەشیان لە ڕێگەی مەکسیکەوە چووبوونە ئەمریکا.
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتنی لەم بارەیەوە بە “هاوکاریی دەگمەن” ناو بردووە، کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکاتە جێبەجێکاری ئەم گەڕاندنەوەیە.

