zagros news agency

پێنتاگۆن گرێبەستێکی ٨.٦ ملیار دۆلاری فرۆشتنی ئێف-١٥ی بە ئیسرائیل ڕاگەیاند

 

پێنتاگۆن ڕۆژی دووشەممە، دوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە فلۆریدا، ڕایگەیاند گرێبەستێکی ٨.٦ ملیار دۆلاری بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-١٥ لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ کراوە.
پێنتاگۆن لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی: “ئەم گرێبەستە دیزاینکردن، یەکخستن، پڕچەککردن، تاقیکردنەوە، بەرهەمهێنان و گەیاندنی ٢٥ فڕۆکەی جەنگیی نوێی ئێف-١٥ئای-ئەیە (F-15IA) بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەگرێتەوە و بژاردەی داواکردنی ٢٥ فڕۆکەی ئێف-١٥ئای-ئەی دیکەش تێیدا پێش بینی کراوە.”
بە پێی ڕۆژنامەی تایمز ئیسرائیل، ئێف-١٥ئای-ئە جۆرە ئیسرائیلییەکەی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی ئێف-١٥ئی-ئێکسە (F-15EX)، کە نوێترین نوێکردنەوەی ئەم جۆرە فڕۆکە جەنگییە دادەنرێت. ئەم فڕۆکەیە متمانەپێکراوترین فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شەڕەکاندا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوسییەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبناندا بەکارهاتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

حزبوڵلا دوای لە ئێران کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

سەڵاح

چامپیۆنزلیگ.. بایرن میونشن بە ڕیمۆنتادا و ئەنجامێکی گەورە سەرکەوتنی بەدەستهێنا

یاسین

ڕێکخراوی CPTـی ئەمەریکی: شەوی ڕابردوو 24 هێرش کراوەتە سەر عێراق

یاسین