پیت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ بەرنامەی ‘هەواڵەکانی ئێوارە’ی کەناڵی ‘سی بی ئێس’دا ڕایگەیاند، دەستتێوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ ‘بە تەواوی پێچەوانەی’ هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بووە.
هێگست لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ تۆنی دۆکۆپیل، پێشکەشکاری ئەو بەرنامەیە، گوتی؛ “ئێمە بۆ دەیان ساڵ خەرجیمان کرد، خوێنمان ڕشت و لە بەرانبەردا، لە ڕووی ئابوورییەوە هیچمان بەدەست نەهێنا؛ بەڵام دۆناڵد تڕەمپ ئێستا هاوکێشەکەی گۆڕیوە.”
بە گوتەی هێگست، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە مادۆرۆیان دەستگیر کرد و بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکانەوە، بۆ نیویۆرک گواستیانەوە.
هێگست لە نێو بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی تڕەمپدا بوو کە سەرپەرشتیی هەڵمەتە سەربازییە شەوانەکەی ئەمریکای لە ڤەنزوێلا کرد، کە بە دەستگیرکردنی مادۆرۆ کۆتایی هات.
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێشتر هەر لەو ڕۆژەدا گوتبووی؛ “تا کاتی گواستنەوەی سەلامەت و گونجاو و ژیرانەی دەسەڵات لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدرێت، ئێمە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەین.” بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو پڕۆسەیەوە نەخستەڕوو.
تڕەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا “بەرهەمهێنانی نەوتەکە دەکەوێنێتە گەڕ.” وەزیری بەرگریی ئەمریکا دووپاتی کردەوە واشنتۆن بە ڕێگەی هەنگاوە ستراتیژییەکانەوە دەتوانێ دەستڕاگەیشتنی خۆی بە ‘سامان و سەرچاوەی زیادە’ مسۆگەر بکات؛ هەنگاوێک کە بە گوتەی ئەو، توانای سوودوەرگرتن لەم سەرچاوانە بێ ڕشتنی خوێنی ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت.
هێگست درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی؛ “ئەمە هەنگاوێکی بوێرانە و ئازایانە بوو. هەڵمەتەکە بە وریاییەوە ڕێکخرابوو؛ سوپامان کاتی پێویستی بۆ خۆئامادەکردن و دابینکردنی سەرچاوەکان هەبوو و پاشان سەرۆککۆمار ئەو بڕیارە بوێرانەیەی گرتەبەر. بەم کارەش، ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی گۆڕدرا و ئەمریکاییەکان سوودمەند دەبن.”
هەروەها بە کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاند، ئەمریکا دەتوانێت بە زیندووکردنەوەی ‘دۆکتۆرینی مۆنرۆ’ و لە ڕێگەی ‘ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان’، هەم بە خەڵکی ڤەنزوێلا و هەم بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەشی ڕۆژاوای جیهان یارمەتی بدات.
هێگست لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پەیامی ئەم هەنگاوە بۆ ڕکابەرەکانی دیکەی ئەمریکا لە جیهاندا، گوتی؛ “ئەم جووڵەیە نیشان دەدات کە تڕەمپ ‘سەرۆککۆمارێکی کردەوەیی’یە.” هێگست لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە؛ “ئەمە سەرۆککۆمارێکی کردەوەییە. لەم جیهانە مەترسیدارەدا، ئاشتی بێ هێز بەدەست نایەت. کەواتە با جیهان بزانێت؛ سەرکردایەتیی ئەمریکا گەڕاوەتەوە. کاتێک سەرۆککۆمار دەڵێت بابەتێک گرنگە، بە ڕاستی گرنگە و ئێمە بە تەواوی توانای وەزارەتی بەرگرییەوە دێینە ناو گۆڕەپانەکە.”

