فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی مەسعوود پزیشکیان، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری لابردنی “ئەرزی تایبەت” لە ئێراندا، هەواڵی ئەوەی دا، لە هەفتەی داهاتوودا نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان لە وڵاتدا لانیکەم لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠٪ زیاد دەکات.
فاتیمە موهاجیرانی، ڕۆژی دووشەممە، کانوونی دووەمی ٥، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا، وردەکارییەکانی “پلانی نوێی گوزەران”ی حکومەتی ڕاگەیاند، کە بە گوتەی خۆی، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم زیادبوونەی نرخە جێبەجێ دەکرێت.
ئەو گوتی، لە پلانی نوێدا، دابینکردنی یارمەتیی دارایی گۆڕاو بە بڕی یەک ملیۆن تومەن لە مانگێکدا بۆ هەر هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ئێران لەبەرچاو گیراوە و لە قۆناغی یەکەمدا، بە شێوەی باوەڕنامەیی بۆ ماوەی چوار مانگ تا کۆتایی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو خەرج دەکرێت. خاتوو موهاجیرانی ئاماژەی بەوە کرد، دابینکردنی یارمەتیی دارایی یان باوەڕنامەیی یەک ملیۆن تومەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادبوونی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان، لەوانە ڕۆن، مریشک و هێلکە لەبەرچاو گیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەمان ڕۆژدا و هاوکات لەگەڵ یەک نرخکردنی دۆلار بە بەهای ١٣٢ هەزار و ٥٠٠ تومەن، نرخی هەندێک لە کاڵا بنەڕەتییەکان دوو تا سێ هێندە زیاد بووە. هەندێک لەم کاڵایانە لە زۆربەی فرۆشگاکاندا نامۆن و ژمارەیەک لە فرۆشگاکانیش ڕۆنی خواردن بە سێ هێندەی نرخی پێشوو دەفرۆشن.
کەناڵی تێلێگرامی “ناڕەزایەتیی مەدەنیی بازاڕ” بە گێڕانەوە لە چاودێرییە مەیدانییەکان بڵاوی کردەوە، نرخی ڕۆن، برنج، نان، بێنزین، هێلکە، گۆشت و مریشک بە چەند هێندە زیاد بووە. لەوانە ڕۆنی پێنج کیلۆیی لە نزیکەی ٥٦٠ هەزار تومەنەوە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن تومەن. ئەم کەناڵە تێلێگرامییە، هاوکات هەواڵی زیادبوونی تێچووی کارەبا، گاز و ئاوی ڕاگەیاندووە.
لە لایەکی ترەوە، هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە پلانی گوزەرانی حکومەت دەربڕیوە. لەوانە حوسێن سەمسامی، ئەندامی لێژنەی ئابووریی پەرلەمان، کە ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی گشتیدا گوتی، بەم بودجە هەڵاوساوییە و ئازادکردنی نرخەکان، چەند ساڵێکی تر بە یەک ملیۆن تومەن ناتوانن تەنانەت پفکیش بکڕن. ئەم شارەزا و سەرپەرشتیاری پێشووی وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی، لە وتارێکدا بۆ حکومەتی مەسعوود پزیشکیان هۆشداریی دا، “ئایا یارمەتیی ٤٥ هەزار تومەنیی حکومەتی ئەحمەدی نەژاد و ٣٠٠ یان ٤٠٠ هەزار تومەنیی حکومەتی سێزدەیەم لەبیر کردووە؟”
بەشێکی زۆری چاودێران و شارەزایانی ئابووری، دەربارەی ئەگەری ڕوودانی “هەڵاوسانی زۆر” لە ئێران هۆشداریی دەدەن. ڕۆژی دووشەممە و بە دوای ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەرزی یەک نرخیدا، بازاڕی ئازادی ئێران، گەشەیەکی خێرای نرخی بەرانبەریی دراوە سەرەکییەکان بەخۆوە بینی. لەوانە بەهای دۆلاری ئەمریکی لە ١٤٤ هەزار تومەنیش تێپەڕی. لەم ڕۆژەدا، بەهای هەر یۆرۆێک لە ١٦٨ هەزار تومەن تێپەڕی و هەر پاوەندێکی ئینگلیزیش گەیشتە زیاتر لە ١٩٤ هەزار تومەن. ڕۆژی دووشەممە بەهای هەر سکەیەکی زێڕی جۆری ئیمامی تا ١٦٣ ملیۆن تومەن بەرز بووەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هاوکات لەگەڵ قۆناغی نوێی ناڕەزایەتییە سیاسی-ئابوورییەکان لە ئێران کە لە حەوتی کانوونی یەکەم دەستی پێ کرد، و بە دوای گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیدا، تا ڕادەیەک لە خێرایی زیادبوونی بەهای دراو کەم کرابووەوە و نرخی بەرانبەریی دۆلار تا ١٣٥ هەزار تومەنیش دابەزیبوو.

