بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، ئاگربەستی ئێستا لە کەرتی غەزە ڕەنگە لە مانگی ئازاردا کۆتایی پێ بێت. هەم ئیسرائیل و هەم حەماس خۆیان بۆ پێکدادانی نوێ ئامادە دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هێرشی سەربازیی نوێی ئیسرائیل تەنها بە یارمەتیی ئەمریکا دەکرێت.
بەپێی میدیاکان، مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە غەزە هەیە. سوپای ئیسرائیل سەرەڕای ڕێککەوتنی ئێستا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەزە، خۆی بۆ هەڵمەتێکی ئەگەریی نوێ دژی ڕێکخراوی حەماس ئامادە دەکات.
ڕۆژنامەی ئۆنلاینی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی و دیپلۆماتکارێکی عەرەبی بڵاوی کردەوە سوپای ئیسرائیل پلانی بۆ هەڵمەتێکی ئەگەری لە مانگی ئازاردا لە شاری غەزە و باکووری ئەو کەرتە کەناراوەییە داناوە.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یش پێشتر هەواڵی پلانی سوپای ئیسرائیلی بۆ هێرشی زەمینیی نوێ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس بڵاو کردبووەوە.
بەپێی میدیایەکی ئیسرائیلی، ئەو پلانە پێشبینی دەکات ئەو ناوچەیەی بە “هێڵی زەرد” ناسراوە و شوێنی کشایەوەی سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئاگربەستدا دیاری دەکات، بەرەو ڕۆژئاوا و کەناراوەکان بگوازرێتەوە و بەم شێوەیە دەسەڵاتی سوپا بەسەر ناوچەکەدا فراوانتر بێت.
لە زاری دیپلۆماتکارە عەرەبییەکەوە هاتووە هێرشی سەربازیی نوێی ئیسرائیل دژی حەماس بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا ناکرێت.
ئەمریکا هێشتا هەوڵ دەدات ئەو ئاگربەستەی لە دەی تشرینی یەکەمەوە چەسپێنراوە، بگوازێتەوە بۆ قۆناغی دووەم؛ قۆناغێک کە داماڵینی چەکی حەماسیش لەخۆ دەگرێت.
بەپێی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، حەماسیش خۆی بۆ پێکدادانی نوێ ئامادە دەکات. ئەو ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە زاری بەرپرسانی عەرەبەوە دەڵێت هەرچەندە حەماس ئامادەیە کۆگای چەکە قورسەکان ڕادەست بکات، بەڵام نایەوێت چەکە سووکەکانی دابنێت.
بە گوتەی بەرپرسانی عەرەب و ئیسرائیلی، حەماس دەستی بە سەرچاوەی داراییی نوێ گەیشتووە بۆ ئەوەی مووچەی چەکدارەکانی بدات و هێزی نوێش دامەزرێنێت.
هەروەها شوێنی فەرماندە کوژراوەکانی ئەو ڕێکخراوە ئیسلامییە پڕ کراونەتەوە و نۆژەنکردنەوەی بەشێک لەو تونێلە ژێرزەمینییانە دەستی پێ کردووەتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەپێی خەمڵاندنی ئیسرائیل، حەماس زیاتر لە ٦٠ هەزار پارچە چەکی سووک و زیاتر لە ٢٠ هەزار چەکداری لەبەردەستدایە.
بەرپرسانی ئیسرائیلی بە “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یان ڕاگەیاند ئیسرائیل ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کاتی زیاتر تەرخان بکات. بەڵام بە گوتەی بەرپرسێکی دیکە، بڕیاردان لەبارەی پلانی نوێی جەنگی لە ئەستۆی سەرکردایەتیی سیاسیی ئیسرائیلە.

