توڵای هاتیمۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند حکوومەتی دیمەشق پابەندی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار نییە و ڕێگری لە جێبەجێکردنی دەکات. ناوبراو گوتی: “دەسەڵاتی شەرع کۆمەڵکوژیی لەبەرانبەر درووزییەکان، عەلەوییەکان و کورد ئەنجام داوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد لە کاتێکدا مەزڵووم عەبدی لەپێناو ئاشتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی داوە، گرووپەکانی سەر بە “دەستەی تەحریری شام” ناوچەی نیشتەجێبوونیان لە “دێر حەفیر” بۆردومان کردووە و ژێرخانی مەدەنییان وەک بەنداوی “تشرين” کردووەتە ئامانج. ناوبراو داوا دەکات دیمەشق ئەم پەلامارانە بوەستێنێت و هەنگاو بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و دانوستان بنێت.
لەبارەی گرژییەکانی حەلەب و کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند پرۆسەکە پێویستە بەردەوام بێت و ئەوانەی بەنیازن بیوەستێنن هەڵە دەکەن. گوتیشی: “هەندێک لایەن پێشهاتەکانی سووریا وەک هەڕەشە بۆ شکستپێهێنانی پرۆسەکە لە تورکیا بەکار دەهێنن.”
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕوونیشی کردەوە سەرەڕای ئەوەی لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی بۆ پرۆسەکە ناوە، بەڵام دەسەڵات جگە لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە هیچ هەنگاوێکی جددیی نەناوە. ناوبراو جەختی کردەوە ناکرێت پرۆسەی ئاشتیی تورکیا بە دیمەشقەوە ببەسترێتەوە، داواش دەکات لە نزیکترین کاتدا هەنگاو بۆ پرۆسەکە بنرێت و بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش جێبەجێ بکرێت.
هەواڵی داهاتوو

