بەرپرسانی بەڕێوەبردنی ڕووداوەکان لە پارێزگای هەراتی ڕۆژاوای ئەفغانستان ڕایانگەیاند بۆمبێکی نەتەقیوە بە کێشی ٥٠٠ کیلۆگرام لە شارۆچکەی ئینجیل لەم پارێزگایە دۆزراوەتەوە و پووچەڵ کراوەتەوە.
ئەم بۆمبە کە پاشماوەی جەنگەکانی ڕابردووە، لە کاتێکدا دۆزرایەوە کە یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە سەرقاڵی هەڵکەندنی بناغە بوو بۆ دروستکردنی خانوو. دوای ئاگادارکردنەوەی خێرای بەرپرسان، تیمە تەکنیکی و پسپۆڕەکانی ڕێکخراوی مینڕادی «هالۆ تراست» گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
بە گوتەی بەرپرسان، تیمە تەکنیکییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، بۆمبەکەیان بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی نیشتەجێبوون گواستووەتەوە و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقاندوویانەتەوە. هەرچەندە سەرچاوەی وردی ئەم بۆمبە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام گومان دەکرێت پاشماوەی سەردەمی بوونی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت بێت.
شایانی باسە، ئەفغانستان هێشتا یەکێکە لە پیسبووترین وڵاتانی جیهان بە ماددە تەقەمەنییە بەجێماوەکان لە جەنگ. دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن تەقەمەنییە کارنەکردووەکان هێشتا مەترسییەکی جدین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەتی لەو ناوچە نیشتەجێیانەی لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدان.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

