سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند «ناتۆ» بەشێوەیەکی تەواو جدی ئامادەکاری بۆ بەرپاکردنی جەنگ لە دژی ڕووسیا دەکات.
لاڤرۆڤ ڕۆژی سێشەممە 20ی کانوونی دووەم) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ گوتی: وڵاتانی ئەورووپایی هەوڵ دەدەن دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، قایل بکەن بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئۆکراینا بگۆڕێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «وڵاتەکەمان هەرگیز لە نیشاندانی نیازپاکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا کەمتەرخەمیی نەکردووە، بەڵام ڕۆژئاوا هەوڵی داوە سەرجەم ڕێککەوتنەکان لاواز بکات».
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جارێکی دیکە جەختی لەسەر پابەندبوونی مۆسکۆ بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانی ئۆکراینا کردەوە و ڕایگەیاند ڕووسیا خوازیاری کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە هەموو ئاڕاستەکاندا، لەوانەش دۆسیەکانی ڤەنزوێلا و ئێران.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ڕێگەی ئامادەکاریی سەربازییەوە لە دژی مۆسکۆ وەستاونەتەوە و دەیان سزایان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە؛ لە بەرامبەردا پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی فراوانیان پێشکەش بە کیێڤ کردووە.
لەم نێوەندەدا، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە کۆمەڵێک هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەست پێ کردووە. دۆنالد ترەمپ لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی بەرچاوی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، کە تێیدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستبەرداربوونی کیێڤ لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە.
سەرکردایەتیی ئۆکراینا هەرچەشنە دەستبەرداربوونێکی لە خاکەکەی ڕەت کردووەتەوە و بە مەسەلەیەکی سەروەریی وەسفی کردووە. وڵاتانی ئەورووپایی پشتیوانییان لەم هەڵوێستە کردووە و داوایان لە واشنتۆن کردووە لە ئەگەری هەر هێرشێکی داهاتووی ڕووسیادا، گرەنتیی ئەمنی پێشکەش بکات.
هەوڵەکانی ئەمریکا لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم پێکدادانە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

