بەپێی ڕاگەیەندراوی “دەم پارتی”، ئەمڕۆ تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتەکە بە یاوەریی کەسیکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و چەند پەرلەمانتارێکی دەم پارتی و هەروەها نوێنەری چەند سەندیکا و ڕێکخراوێکی ناحکومیی باکووری کوردستان، سەردانی ڕۆژاوای کوردستان دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە سەردانەکە لە ڕێگەی سنووری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت و شاندەکە لەگەڵ نوێنەرانی ڕۆژاوا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن. وەک ئەوەی ڕاگەیەندراوە، ئامانج لە سەردانەکە پاڵپشتیکردنە لە ڕۆژاوای کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دەم پارتی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە نسێبینی سنووری تورکیا و سووریا بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژاوا ئەنجام دابوو. لە میانەی گردبوونەوەکەدا، توڵای هاتیمۆغوڵڵاری ڕایگەیاند حکوومەتی دیمەشق بە هێرشکردنە سەر حەلەب نەوەستاوە و ئێستا خەریکی داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستانە.
ناوبراو گوتیشی: “تورکیا لەلایەک دەڵێت ئاشتی و برایەتی لە وڵاتەکەدا دەوێت، لەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی لە هێرشکردنە سەر کوردانی سووریا دەکات.”

