یێنس شپان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی پارتە کریستیانەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێبازێکی زۆر دژبەرانە لە بەرانبەر ئەمریکادا هۆشداریی دا. ئەو بە ئاماژەکردن بە هەڕەشەکانی ترەمپ لە دژی گرینلەند، جەختی لە گرنگیی ئەمریکا بۆ یەکێتیی ئەورووپا و ئەڵمانیا کردەوە.
هەڕەشەکانی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە دژی گرینلەند و پلانەکانی بۆ سەپاندنی باجی سزایی، پەیوەندییە ئەتڵەسییەکانی نێوان ئەورووپا و ئەمریکای خستووەتە ژێر گوشارەوە.
لە هەمان کاتدا یێنس شپان، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانیی یەکێتیی پارتە دیموکراتە کریستیانەکان و سۆسیال کریستیانەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندێستاگ)، بە قسەکانی ئەم دوایییەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا کاردانەوەی ڕەخنەگرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. ناوبراو ئێستا داوای دانبەخۆداگرتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەکات.
ئەم سیاسەتمەدارە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕادیۆی سەرتاسەریی ئەڵمانیا (دۆیچلاندفونک) و پێش وتارەکەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس گوتی: “ئێمە لە پرسە ئەمنییەکاندا بەستراوینەتەوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە.” ئەو لەم بارەیەوە ئاماژەی بە بابەتگەلێکی وەک هاوبەشیی ئەتۆمی، ئۆکراینا و ڕووسیا و هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان کرد.
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە کۆتاییی هەفتەی ڕابردوودا هەڕەشەی سەپاندنی باجی قورسی لە چەند وڵاتێکی ئەورووپاییی ئەندامی ناتۆ کرد، ئەوەش بەهۆی هاوسۆزییان لەگەڵ گرینلەند. ترەمپ پێشتریش جەختی لەسەر بانگەشەی خاوەندارێتیی وڵاتەکەی بەسەر ئەو دوورگەیەدا کردبووەوە.
بەدوای ئەم هەڕەشانەدا، وڵاتانی ئەورووپایی لە هەوڵی دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاودان. لەم بارەیەوە یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێکردنی سەپاندنی باجی تۆڵەسێنەرانە بە بەهای ٩٣ ملیار یۆرۆ یان دانانی بەربەست بۆ کۆمپانیا ئەمریکایییەکان لە بازاڕی ئەورووپادا خستووەتە بەرنامەی کارەوە.
شپان لەم چاوپێکەوتنەدا جەختی کردەوە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە بنەڕەتدا بە هاوکاریکردنی یەکتر بەهێزترن. ئەو گوتی: “لەبەر ئەوە زۆر ژیرانەیە کە هەوڵ بدەین ڕێگە لە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرین. ئەگەر ئەوە نەکرا، دەبێت ئامادەکاری بۆ بکەین.”
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییەکە هەروەها هۆشداریی دا کە ئەورووپایییەکان سەرباری ڕەفتارەکانی ترەمپ، دەبێت پابەندی ناتۆ بمێننەوە و گوتی: “بە ڕای من دروستە کاردانەوەیەکی ڕوونمان بۆ هەڕەشەکانی باج هەبێت و ئامادە بین، بەڵام نابێت بەهۆی ناکۆکییە بازرگانییەکانەوە، ناتۆ بخەینە ژێر پرسیارەوە.”
شپان ڕۆژی سێشەممە (٢٠ی کانوونی دووەم)یش بە زمانێکی ڕاشکاوانە دژی بانگەشەکانی ترەمپ بۆ لکاندنی گرینلەند و هەڕەشەکانی باج هەڵوێستی وەرگرتبوو. ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز گوتی: “ئەم داواکاری و هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئێمە قبووڵکراو نین.”
بە قسەی ئەو، ئەوەی کە گرنگترین هاوپەیمان تا ئەم ئاستە پێشبینی نەکراو بێت، بەرگە ناگیرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، شپان زیادیشی کرد کە لە گفتوگۆکاندا دەبێت هەمیشە هەوڵ بدرێت خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا بدۆزرێتەوە.
ئەم لێدوانانە هەروەها وەڵامێک بوو بۆ ئەو ڕەخنانەی کە شپانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە نیگایەکی زۆر نەرمی بۆ ترەمپ هەیە. زەمینەی ئەم ڕەخنانە دەگەڕایەوە بۆ چاوپێکەوتنێکی شپان لەگەڵ ڕۆژنامەی “زوددۆیچە تسایتۆنگ” کە تێیدا ڕێبازی ترەمپی بەرانبەر گرینلەند تا ڕادەیەک بە “تێگەیشتووانە” وەسف کردبوو.
ئەو گوتبووی: “ئەگەر سەیری شوێنی گرینلەند لەسەر نەخشەی جیهان بکەین، ئەو پرسیارانەی ئەمریکا دەیکات جێگەی تێگەیشتنن.” شپان ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بابەتەکە، پاراستنی گرینلەندە لە بەرانبەر زلهێزەکانی وەک ڕووسیادا.
ئەم هەڵوێستە ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنیی پارتی سۆسیال دیموکرات، هاوبەشی هاوپەیمانی لە حکوومەتی ئەڵمانیادا بووەوە. ئادیس ئەحمەدۆڤیچ، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی ئەم پارتە، بە گۆڤاری “شترێن”ی ڕاگەیاند، ئەوانەی لێدوانەکانی شپان دەخوێننەوە، جۆرێک لە “هاوسۆزی لەگەڵ ڕێبازی دۆنالد ترەمپ بەدی دەکەن.”
هەواڵی داهاتوو

