ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە پرۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق لەم هەفتەیەدا خاوبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی حەوت سەرچاوەی ئاگادار کە قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ٢١ی کانوونی دووەمدا دەستیان بە گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە کردبوو، ئەوەش دوای هەرەسهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بووە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەو زیندان و ناوەندانەی ئەو هێزانە پاسەوانییان دەکردن.
بەگوێرەی ڕۆیتەرز، واشنتن چاوەڕوانی دەکرد تا ٧ هەزار ئەندامی ڕێکخراوەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆ عێراق بگوازێتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەکەدا، تا ئێستا تەنها نزیکەی ٥٠٠ کەس گوازراونەتەوە.
ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی دادوەری و سەربازی عێراقی و دیپلۆماتکارانەوە بڵاویکردەوە، کە بەغدا داوای کردووە خێرایی گواستنەوەکە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی کاتی هەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکانیان، هەروەها بۆ ئامادەکردنی شوێنی زیاتر بۆ حەواندنەوەیان.
دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە، هەندێک لە حکومەتەکان ڕەتیدەکەنەوە هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە، ئەوەش لەبەر ترسیان لە لێکەوتە سیاسی و یاسایییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی عێراقی جەختی کردەوە کە ئەو کەسانەی تا ئێستا گوازراونەتەوە، پێکهاتوون لە نزیکەی ١٣٠ عێراقی و نزیکەی ٤٠٠ بیانی، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ قەناعەتپێکردنی وڵاتان تاوەکو هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.
هەروەها جۆ کێنت، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سێشەممەی ڕابردوو جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق کردەوە.

