بەهۆی پێکدادانی بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران لەگەڵ بەلەمێکی پاسەوانی دەریاییی یۆنان لە نزیک دوورگەی “خیۆس” لە دەریای ئیجە، بەلایەنی کەمەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەست دا.
بە گوتەی بەرپرسانی یۆنان، ٢٥ کۆچبەر ڕزگار کراون و دوو ئەندامی پاسەوانی دەریاییش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. میدیاکانی یۆنان بڵاویان کردەوە لەناو بریندارەکاندا حەوت منداڵ و ژنێکی دووگیان هەن.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، بەلەمی کۆچبەران دوای وەرگرتنی هۆشداری، هەوڵی داوە لە دەستی گەشتی دەریایی هەڵبێت و ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانەکە. تیمەکانی فریاگوزاری و هەلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی یۆنان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی قوربانییانی دیکە.
ڕێڕەوە دەریاییەکان لە تورکیا و لیبیاوە بەرەو یۆنان، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگەکانی کۆچ بۆ ئەورووپا هەژمار دەکرێن. بەپێی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٣ هەزار کەس لەم ڕێگایانەدا کوژراون یان ون بوون.
هەواڵی داهاتوو

