سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە لە سووریا هەنگاوی دڵخۆشکەر دەگیرێتەبەر و لە نزیکەوە چاودێریی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا دەکەن.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە ئەسیوپیا، لە ناو فڕۆکە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی سووریا ئاشکرای کرد: “بیرۆکەی ‘تورکیای بێ تیرۆر’مان بۆ ‘ناوچەیەکی بێ تیرۆر’ گۆڕیوەتەوە و ئێستا لە تورکیا لەوبارەیەوە هەنگاوی دڵخۆشکەر دەگیرێتەبەر.”
ئەردۆغان گوتیشی: “سات بە سات چاودێریی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق و پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا دەکەین. تێبینییەکانی خۆمان لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئاراستەی لایەنەکان کردووە.”
سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی ڕۆڵی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریای کرد و ڕایگەیاند: “پرسی سووریا و ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق تەنیا ڕەهەندی ئەمنیی نییە، بەڵکوو دەبێت ڕەهەندە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەبەرچاو بگرین.”
قسەکانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دیمەشق و هەسەدە ڕێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای فەرمیی سووریا واژۆ کردبوو.

