بەگوێرەی لێدوانی پاکستان، لە نوێترین هێرشە ئاسمانییەکان و تێهەڵچوونە سنوورییەکاندا زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری تاڵیبانی ئەفغانستان کوژراون. هاوکات تاڵیبانی ئەفغانستان بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی پاکستانی دەکات. هیچ نیشانەیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکە بەدی ناکرێت.
پاکستان و ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ٢٨ی شوبات بەردەوام بوون لە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان دژی یەکتر و بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی دژبەیەک سەبارەت بە ڕەوتی تێهەڵچوونەکان، گێڕانەوەکانی یەکتریان خستە ژێر پرسیارەوە.
عەتاوڵڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە لە میانی هێرشە ئاسمانییەکان و شەڕی ئێستادا لەگەڵ ئەفغانستان، زیاتر لە ٣٣١ چەکداری تاڵیبانی ئەفغانستان کوژراون و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش بریندار بوون.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان ژێرخان و کۆگاکانی چەکیان لە ٣٧ خاڵ لە سەرانسەری ئەفغانستان کردووەتە ئامانج. بە وتەی ئەو وەزیرە، هێزەکانی پاکستان زیاتر لە سەد پێگەی ئەفغانییەکانیان تێک داوە، ٢٢ پێگەی تریان کۆنترۆڵ کردووە و ١٦٣ تانک و ئوتومبێلی زرێپۆشیان لەناو بردووە.
لە هەمان کاتدا، میدیا فەرمییەکانی پاکستان بڵاویان کردووەتەوە کە هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییە سەرەکییەکان لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.
بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاندووە کە سەدان دانیشتووی ناوچەکانی نزیک دەروازەی سنووریی تۆرخەم، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە، پەنایان بۆ ناوچە ئارامەکان بردووە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، پاکستان هەروەها دەیان پەنابەری ئەفغانستانی کە لە دەروازەی تۆرخەم چاوەڕوانی گەڕانەوە بوون بۆ زێدی خۆیان، بۆ شوێنی ئارامتر گواستووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەفغانستان شەوانە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان لە “میرانشا” و “سپینوام” لە وەزیرستانی باکوور. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم هێرشانە وەک کاردانەوەیەک بووە بەرانبەر بە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی پاکستان و بووەتە هۆی تێکدانی دامەزراوە سەربازییەکان و زیانی گیانیی قورس.
مەلا تاج محەممەد نەقشبەندی، کۆمیسەری بەشی ئەفغانستانی دەروازەی تۆرخەم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “هێزە ئازاکانی میرنشینی ئیسلامی، تدارەکات، یەکە سەربازییەکان و سێ بورجی گرنگی ئەمنیی ڕژێمی سەربازیی پاکستانیان لەناو برد.”
هەروەها بەرپرسانی ئەفغانستان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە هێزەکانیان فڕۆکەیەکی جەنگیی پاکستانییان لە ئاسمانی جەلالئاباد خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەیان بەدیل گرتووە. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەم بانگەشانەی بە “تەواو ناڕاست” وەسف کرد.
فەرمانگەی ئیتڵاعات و ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، پاکستانی تۆمەتبار کرد بەوەی ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، خانووەکانی وێران کردووە و لانی کەم ١١ کەسی کوشتووە. پاکستان دەڵێت بۆ ڕێگری لە زیانی گیانیی مەدەنییەکان، تەنیا دامەزراوە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج.
ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو لە چەندین خاڵ لە درێژاییی سنووری ٢٥٠٠ کیلۆمەتریی نێوان ئەفغانستان و پاکستان تێهەڵچوون ڕووی دا. ئەفغانستان ڕایگەیاند کە ئەم تێهەڵچوونانە لە وەڵامی بەئامانجگرتنی چەکدارە ئیسلامییەکان لەلایەن پاکستانەوە لە ڕۆژانی پێشوودا ڕوویان داوە.
ئیسلامئاباد ئەم چەکدارانە بە بەرپرسی هێرشە کوشندە سنووربەزێنەکان دەزانێت کە لە پەناگەکانیان لە ئەفغانستانەوە ئەنجام دەدرێن. لە کاردانەوەدا، پاکستان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی لە قووڵاییی خاکی ئەفغانستان دەست پێ کرد. ئەم هێرشە ئاسمانییانە دامەزراوە سەربازییەکان، لەوانەش چەند ئامانجێکیان لە کابوول کردە نیشانە.
خەواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، سەرکردایەتیی تاڵیبانی ئەفغانستانی بە داڵدەدانی “هەموو جۆرە تیرۆریستێک” تۆمەتبار کرد و ڕاشیگەیاند کە پاکستان ئێستا لەگەڵ دراوسێکەیدا لە “جەنگێکی ئاشکرا”دایە.
هاوپەیمانە هەرێمییەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە نێوان هەردوولا دەکەن. وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و قەتەر ئامادەیییان بۆ نێوەندگیری دەربڕیوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش تا پێش هێرشە نوێیەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئامادەییی بۆ نێوەندگیری لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان دەربڕیبوو. بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێک لەم بوارەدا بەدی نەهاتووە.

