سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە نوێترین پەیامیدا لە دوای ئاگربەستی نێوان وڵاتەكەی و ئێران، ڕایدەگەیەنێت: “گۆڕانكارییەكی زۆر بەرهەمدار بەسەر ڕژێمی ئێراندا هاتووە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 8/4/2026، دوای ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمەریكا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، پەیامێكی نوێی لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: “ئەمەریکا لە نزیکەوە لەگەڵ كار ئێران دەکات کە ئێمە دیاریمان کردووە گۆڕانکارییەکی زۆر بەرهەمداری لە ڕژێمەکەیدا بەسەردا هاتووە، هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم ئەنجام نادرێت، ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران، تەواوی تۆزی ئەتۆمییە شاردراوەکان کە فڕۆکەی بۆمبهاوێژەکانی بی2 لەنێو بردن، لەژێر چاودێرییەکی زۆر وردی مانگی دەستکردەکانماندا دەبن.”
سەرۆكی ئەمەریكا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: “لە بەرواری هێرشەکەوە تا ئێستا دەستکاریی هیچ شتێک نەکراوە، ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆین و بەردەوامیش دەبین لەگەڵ ئێران سەبارەت بە سووککردنی گومرگ و سزاکان، پێشتر ڕێککەوتن لەسەر زۆرێک لەو 15 خاڵە کراوە.”
لە پەیامێكی دیكەدا و هەر لە هەمان تۆڕی كۆمەڵایەتی، ترەمپ دەڵێت: “لە هەمان کاتدا، هەر وڵاتێک چەک بۆ ئێران دابین بکات، دەستبەجێ باجی گومرگی 50%ی دەخرێتە سەر، هەر جۆرە کاڵایەک کە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دەفرۆشێت، ئەم بڕیارەش هەر ئێستا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و هیچ لێخۆشبوون یان بەدەرکردنێک نابێت.”

