zagros news agency

نەتانیاهۆ: هێرشەکان بۆ سەر حیزبوڵڵا بەردەوام دەبن

بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە “حیزبوڵڵا” کرد و گوتی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەم گرووپە بەردەوام دەبێت. هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژرانی زیاتر لە ٢٥٠ کەسی لێ کەوتەوە.
نەتانیاهۆ پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند ئیسرائیل “بە هێز، وردبینی و پێداگرییەوە” لە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت و گوتیشی هەر کەسێک بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیلی هەنگاو بنێت، دەکرێتە ئامانج. ئەو هەروەها جەختی کردەوە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا “لە هەر شوێنێک پێویست بێت” درێژە پێ دەدات تاوەکوو “ئاسایشی تەواو” بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەگەڕێتەوە.
ڕۆژی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و لەناکاوی لە ناوچە جیاجیاکانی لوبناندا ئەنجام دا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات بێنیامین نەتانیاهۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی ئێران و ئەمریکای لە بەرەی لوبناندا ڕەت کردەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەم هێرشانە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و ژێرخانە سەربازییەکانی ئەم گرووپەیان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانە چەند ناوچەیەکیان لە بەیرووت، باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ١٠ خولەکدا زیاتر لە ١٠٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجام دران و تەنانەت چەند ناوچەیەکی پایتەختیشیان کردە ئامانج پێشتر بە ئارام هەژمار دەکران.
بەرپرسانی لوبنانی ڕایانگەیاند بەهۆی ئەم هێرشانەوە زیاتر لە ٢٥٠ کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون و زۆربەشیان خەڵکی مەدەنی بوون.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە لوبنان ناچێتە چوارچێوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی لەگەڵ ئێراندا. ئەمە لە کاتێکدایە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، یەکەم جار بەرەبەیانی چوارشەممە هەواڵی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی دا و گوتبووی ئەم ئاگربەستە “لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە” جێبەجێ دەکرێت. سەرەڕای ئەمە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، و جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ، ئەم بابەتەیان ڕەت کردەوە.
بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە نۆی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، حیزبوڵڵاش بە شێوەیەکی تاکلایەنە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد و پەلکێشی ئەم شەڕە کرا.
بەرپرسانی ئێرانی لە ڕۆژی ڕابردووەوە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، گوتوویانە دەبێت پێکدادانەکانی لوبنانیش بچنە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

باڵیۆزی سوید بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا

یاسین

کەنەدا سووریا و دەستەی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

یاسین

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان کۆتاییهات

سەڵاح