دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند فەرمانی گەمارۆدانی گەرووی هورمزی بە هێزی دەریایی ئەمریکایی داوە و پرۆسەی پاککردنەوەی مینەکانیش لەم گەرووەدا دەست پێ دەکات.
ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” لە پەیامێکدا گوتی هێزی دەریایی ئەمریکایی بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ڕەوتی گەمارۆدانی سەرجەم ئەو کەشتییانە دەست پێ دەکات مەبەستی چوونەژوورەوە یان چوونەدەرەوەیان لەو گەرووە هەیە. ترەمپ هەروەها گوتی وڵاتانی دیکە و ناتۆ بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە یارمەتییان دەدەن و جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیە کەمێک کاتی پێویستە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی دا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا باج بە ئێران بدات، لەلایەن هێزی دەریاییەوە دەستنیشان دەکرێت و ڕێگریی لێ دەکرێت و مافی تێپەڕبوونی ئارامی لە ئاوە ئازادەکاندا نابێت. ئەو هەروەها هەڕەشەی کرد هەر ئێرانییەک تەقە لە هێزە ئەمریکاییەکان یان کەشتییە مەدەنییەکان بکات، لەناو دەبرێت.
لە بەرانبەردا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی زیرەکدایە و بۆ تێپەڕبوونی بێمەترسیی کەشتییە مەدەنییەکان کراوەیە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە نزیکبوونەوەی کەشتییە سەربازییەکان لەو گەرووە بە هەر بیانوویەک وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێراندا کرد و گوتی گفتوگۆکان پاش نزیکەی ٢٠ کاتژمێر باش چوونە پێشەوە و لەسەر زۆربەی بابەتەکان ڕێککەوتن کرا، بەڵام پرسی سەرەکی واتا بەرنامە ناوکییەکە بە چارەسەرنەکراوی مایەوە. بە گوتەی ئەو، ئێران نایەوێت دەست لە ئامانجە ناوکییەکانی هەڵبگرێت و ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کاتی گونجاودا ئامادەیە بۆ ئەوەی پاشماوەکانی ئێران لەناو ببات.
لە هەمان کاتدا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا پاش سەرپەرشتیکردنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە پایتەختی پاکستان، شاری ئیسلامئابادی پاکستانی بەجێ هێشت.
هەواڵی داهاتوو

