zagros news agency

چین لە دەستبەسەرداگرتنی  کەشتییەکی نەوتهەڵگر نیگەرانە

چین دوای هەنگاوەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگر بە ئاڵای ئێرانەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.
گو جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند پەکین بەرانبەر ڕێگریکردن لەم کەشتییە ئێرانییە لەلایەن واشنتنەوە نیگەرانە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە شێوەیەکی بەرپرسانە پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست بن.
جیاکون گوتی: “ڕەوشی گەرووی هورمز ئاڵۆز و هەستیارە” و جەختی کردەوە لایەنەکان دەبێت لە زیاترکردنی گرژییەکان خۆیان بپارێزن و هەلومەرجی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتییەکان لەم گەرووەدا بڕەخسێنن.
ناوبراو هەروەها داوای لە لایەنە تێوەگلاوەکان کرد “درێژە بە ئاگربەست و دانوستانەکان بدەن” و گوتی: “ئێستا دەرفەتێک بۆ ئاشتی ڕەخساوە، دەبێت هەلومەرجێکی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کورتترین کاتدا دروست بکرێت.”
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی دا گرتووە هەوڵی داوە گەمارۆی دەریاییی بەندەرەکانی ئێران تێک بشکێنێت.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند تێکشکێنەری “یو ئێس ئێس سپروانس” ڕێگریی لە کەشتییەک بە ناوی “تۆسکا” کردووە لە کاتی ڕۆیشتن بەرەو بەندەرێکی ئێرانی بۆ پێشێلکردنی گەمارۆی دەریایی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا هاتووە: “دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە لە ماوەی ٦ کاتژمێردا گوێیان بە هۆشدارییەکان نەدا، تێکشکێنەرە ئەمریکاییەکە فەرمانی چۆڵکردنی ژووری بزوێنەری پێ دان و دواتر بە تەقاندنی چەند گوللەیەک بۆ ناو ئەم ژوورە، سیستەمی پاڵنەری کەشتییەکەی پەک خست.”
لە بەرانبەردا، سوپای ئێران ڕایگەیاند ئەم کەشتییە لە چینەوە هاتووە و هەنگاوەکەی ئەمریکای بە “چەتەیی دەریایی چەکدارانە” وەسف کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، گوتەبێژی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی تێلیگرام گوتی: “هۆشداری دەدەین هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم زووانە وەڵامی ئەم چەتەیی دەریایی و چەکدارانەیەی سوپای ئەمریکا دەدەنەوە و تۆڵەی دەکەنەوە” و واشنتنی بە “پێشێلکردنی ئاگربەست” تۆمەتبار کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم : باران بارین دەست پێدەکات

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی تۆمارکرد

سەڵاح

دانوستانەکانی ڤینیسیۆس بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە وەستان

یاسین