کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند، “لۆری چاڤیز-دێریمەر” وەزیری کاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای تێپەڕبوونی 13 مانگ لە وەرگرتنی پۆستەکەی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵێت. ئەم ڕۆیشتنە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک فەزیحەی جیاواز ناوی ئەم وەزیرەیان زڕاندبوو.
ستیڤن چیۆنگ، وتەبێژی کۆشکی سپی لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە، کە چاڤیز-دێریمەر بە مەبەستی کارکردن لە کەرتی تایبەت پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت. بەمەش ناوبراو دەبێتە سێیەمین ژن لە ماوەی شەش هەفتەدا کە کابینەکەی ترەمپ جێبهێڵێت، دوای دوورخستنەوەی “کریستی نۆیم” وەزیری ئاسایشی ناوخۆ و “بام بۆندی” وەزیری داد. بڕیاریشە “کیس سۆندەرلینگی” جێگری، بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی وەزارەتەکە بگرێتە ئەستۆ
هەرچەندە کۆشکی سپی ستایشی کارەکانی کردووە، بەڵام چەندین ڕاپۆرتی میدیایی ئاشکرایان کردووە کە هۆکاری سەرەکی ڕۆیشتنی بۆ ئەو تۆمەتانە دەگەڕێتەوە کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست”، لۆری چاڤیز-دێریمەر لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەهۆی هەبوونی “پەیوەندییەکی نەشیاو” لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرانی ژێر دەستی.
جگە لەوەش، تۆمەتبار کراوە بەوەی لە کاتی دەوامدا لەناو نووسینگەکەی خواردنەوە کحولییەکانی بەکارهێناوە، هەروەها تێوەگلاوە لە دۆسیەیەکی “فێڵکردن”، بەوەی گەشتە تایبەتەکانی خۆی و خێزان و هاوڕێکانی وەک “گەشتی فەرمی دەوڵەت” هەژمار کردووە و تێچووەکەی لەسەر حکومەت بووە.
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”یش ئاماژەی بەوە کردووە کە سێ سکاڵا لەلایەن فەرمانبەرانی وەزارەتەکەوە لەسەری تۆمارکراوە، بەوەی “ژینگەیەکی ژەهراوی” بۆ کارکردن دروست کردووە. مێردی وەزیرەکەش (شۆن دێریمەر) لە مانگی شوباتەوە قەدەغە کراوە بچێتە ناو بینای وەزارەت، دوای ئەوەی لەلایەن دوو فەرمانبەری ژنەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی “دەستدرێژی سێکسی” کردووەتە سەریان.

