وەزیری زانیاریی پاکستانی ئێوارەی سێشەممە ڕای گەیاند ئیسلامئاباد بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایی، هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئێران دەکات.
عەبدوڵا تەرار لە هەژمارێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە دا ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کاتژمێر ١١:٥٠ی شەوی سێشەممە بە کاتی جیئێمتی کۆتایی دێت. ناوبراو گوتی پاکستان وەک نوبژیوان بەردەوام لەگەڵ ئێرانییەکان لە پێوەندیدایە و ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ پێش دەگرێت.
هەروەها بڕیاری ئێرانی بەر لە کۆتاییهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە بە زۆر گرنگ ناو برد. ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایی، ئێوارەی چوارشەممەی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا وەک کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە دیاری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئێوارەی سێشەممە گوتی هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ بەشداری یان بەشدارینەکردن لە دانوستانەکانی پاکستانی نەدراوە. بەقایی هۆکاری ئەم بێبڕیارییەی بۆ پەیامە دژبەیەکەکان و ڕەفتارە ناڕوون و کارە وەرنەگیراوەکانی لایەنی ئەمریکایی گەڕاندەوە. ئێران پێشتر مەرجی بەشداریی خۆی لە خولی دووەمی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ڕاگەیاندبوو؛ ئەو گەمارۆیەی هێزی دەریاییی ئەمریکایی لە ٢٢ی خاکەلێوەوە بۆ بڕینی هەناردەی نەوتی ئێران دەستی پێ کردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایی، گوتی هیوای وایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە “ڕێککەوتنێکی گەورە” بێتە ئاراوە، بەڵام ئارەزووی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی نییە. ترامپ گوتی ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبن، سوپای ئەمریکایی بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک بە تەواوی ئامادەیە.
جیدی ڤانس، جێگری سەرۆککۆمار کە بڕیارە سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکایی بکات، هێشتا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێ نەکەوتووە. ئێستا ناوەندی شاری ئیسلامئاباد لە دۆخی کەرەنتینەدایە و هۆتێلێکی لوکسیش بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان چۆڵ کراوە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتی ڤانس ڕۆژی سێشەممە لە واشینگتن لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەدا بەشداری دەکات. ئاگربەستی نێوان ئەمریکایی و ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی تاران کۆتایی دێت، هەرچەندە ترامپ گوتی ئەو ئاگربەستە ئێوارەی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا بەسەر دەچێت.

