zagros news agency

یەکێتی ئەوروپا مەرجی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران ئاشکرا دەکات

ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیاری ئەوروپا ڕایگەیاند، هێشتا کات زووە بۆ بیرکردنەوە لە سوککردن یان هەڵگرتنی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، جەختی کردەوە، پێویستە پێش هەموو هەنگاوێک، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ناوخۆی ئێراندا ڕووبدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27-4-2026، ڤۆن دێرلاین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەرلین گوتی، “هۆکاری سەرەکی سەپاندنی سزاکان، هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بەرامبەر گەلەکەیان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بۆیە بۆ هەڵگرتنیان دەبێت سەرەتا گۆڕانکاریی ڕیشەیی ببینین”، هەروەها گوتیشی،  پێویستە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنەکانی ئێستادا فشارەکان بەردەوام بن و نابێت پەلە لە بڕیارە سیاسی و ئەمنییەکاندا بکرێت.

سەرۆکی کۆمیسیاری ئەوروپا ئاشکرای کرد، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و ئاڵۆزییەکان، وڵاتانی ئەوروپا ناچار بوون تا ئێستا بڕی 32 ملیار دۆلاری زیادە بۆ هاوردەکردنی نەوت و گاز بدەن، ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی ئەوروپا بەردەوامە لە هاندانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای وزەی نوێبووەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوە دەرەکییەکان.

رۆژی هەینی ڕابردوو، فریدریک مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، “یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بە شێوەیەکی پلەبەندی سزاکان سوک بکات، ئەگەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەدەست بێت.” مێرتز باسی لەوەشکرد، ئەم هەنگاوە دەکرێت ببێتە هاندەرێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

هاوکات دوو دیپلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایان کرد، یەکێتییەکە بە نیازە سزاکانی بۆ سەر ئێران فراوانتر بکات، سزای نوێ ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە بەرپرسن لە داخستنی گەرووی هورمز؛ ئەو گەرووەی کە لە 28ـی شوباتەوەداخراوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی بازاڕی وزە و کاڵای جیهانی.

جێگەی ئاماژەیە، یەکێتی ئەوروپا لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناساند، و لە ناوەڕاستی مانگی ئازاریشدا سزای بەسەر 16 کەسایەتی و 3 دامەزراوەدا سەپاند بەهۆی تێوەگڵانیان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

لوبنان..حەوت سەرباز و ئەفسەری ئیسرائیل کوژران و بریندار بوون

سەڵاح

ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا سوود لە بەکرێگیراوانی بیانی وەردەگرێت

سەڵاح

ئەندامانی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنەی توند لە بوونی هێزی کۆریای باکوور لە ڕووسیا دەکەن

سەڵاح