zagros news agency

هاوکات لەگەڵ ئاگربەست هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە، چەند ناوچەیەکیان لە باشووری لوبنان، لەوانە شارۆچکەکانی جویا، بەرعەشیت، فرۆن، حانین و دەبعال کردە ئامانج. هەروەها ڕاپۆرت کراوە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک خانووی لە شارۆچکەی حانین ڕووخاندووە و شەوانەش لە شارۆچکەی ناقوورە تەقینەوەی ئەنجام داوە.

“ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان” ڕای گەیاند لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی جبشیت لە پارێزگای نەبتیە، پێنج ئەندامی خێزانێک کوژراون.

سوپای لوبنانیش ڕای گەیاند سەربازێکی ئەو وڵاتە لەگەڵ براکەیدا بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە لە شارۆچکەی “خربەت سەلم” لە نێزیک شاری “بنت جوبەیل” کوژراون. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوەیە، ئەم دوو کەسە کاتی ڕۆیشتن بە ماتۆڕسکیل لە ناوەندێکی سەربازیی حکوومییەوە بەرەو ماڵەکەیان کراونەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو هۆشداریی چۆڵکردنی بەپەلەی بە دانیشتووانی ١٦ ناوچەی پارێزگای نەبتیە دا.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێ بوونی مووشەک و درۆنەکانی “حزبوڵڵا” بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبناندا دەخوازێت. ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا هەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکایی، پێشتر ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژەی لە سەرەتای ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەوە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند و دواتر لە ٣ی بانەمەڕدا بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژی کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی پێشێلکردنی ئەم ئاگربەستە دەکەن.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە سەرەتای پێکدادانەکانەوە لە ١١ی ڕەشەمە، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە لوبناندا کوژراون و پتر لە حەوت هەزار و ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆی ئەم پێکدادانانەوە ئاوارە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ و پووتین دوو کاتژمێر تەلەفۆنیان کرد: “ڕووسیا ئامادەی ئاشتییە لەگەڵ ئۆکراینا”

سەڵاح

بوومەلەرزەیەک له‌ فلیپین روویدا

سەڵاح

هاریس لەیەک ڕۆژدا 27 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە

یاسین