شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێراندا هەبووە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی بە توندی سەرکۆنە کرد.
ڕۆژی دووشەممە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانیی تێک شکاندووە، هاوکات دامەزراوە نەوتییەکانی فۆجەیرەش بەر “تەنێکی فڕیو” کەوتوون.
شەریف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی: “زۆر پێویستە ئاگربەست بپارێزرێت و ڕەچاو بکرێت تا کەشێکی دیپلۆماسیی گونجاو بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا بڕەخسێت.”
هاوکات بیلاوەڵ بوتۆ زەرداری، سەرۆکی “پارتی گەل”ی پاکستان، بەشێک لە حکوومەتی هاوپەیمانیی ئەو وڵاتە پێک دەهێنێت، بە بی-بی-سیی گوت پێویستە هەردوولا “لە پەرەپێدانی گرژییەکان دوور بکەونەوە” و “پابەندی بەڵێنیی خۆیان بۆ دیپلۆماسی بن”.
بوتۆ زەرداری گوتی پاکستان هێشتا سەرقاڵی “ئاڵوگۆڕی پەیام و هەوڵدانە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی متمانەسازی”، بەڵام ڕووداوەکانی وەک هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە، “ئەم پرۆسەیە ئاڵۆزتر دەکەن”.

