zagros news agency

رۆبیۆ: سزامان بەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەدا سەپاند کە هاوکاریی سەربازیی ئێرانیان کردووە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکی چینییدا سەپاندووە کە وێنەی مانگی دەستکردیان بۆ ئێران دابین کردووە، ئەوەش بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆمپانیا چینییانە بە دابینکردنی وێنەی وردی مانگی دەستکرد، هاوکاریی تاران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان کردووە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و ئەنجامدانی هێرشە موشەکی و درۆنییەکان لە ناوچەکەدا.

رۆبیۆ جەختی کردەوە کە ئەمریکا ڕێگە نادات هیچ لایەنێک یارمەتیی تواناکانی ئێران بدات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: “ئەم سزایانە پەیامێکی ڕوونن بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە هاوکاریی سەربازی و هەواڵگری پێشکەش بە تاران دەکەن؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانەکانمان.”

بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایانە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و سەرجەم داراییەکانیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن، هەروەها قەدەغە دەکرێت هیچ لایەنێکی ئەمریکی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵدا بکات.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوامییان هەیە و واشنتن تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ڕێگەی گرووپە بریکارەکانییەوە هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

توركیا كوژرانی پێنج چه‌كداری په‌كه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند

یاسین

لوفت‌هانزا گەشتەکانی بۆ تاران تا کۆتاییی ئازار هەڵپەسارد

یاسین

لە هندستان ٨١ کەس بە گەرما مردن

یاسین