ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، کوبا زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی (درۆن) بەدەستهێناوە و لەم دواییانەشدا دەستی بە تاوتوێکردنی پلانێک کردووە بۆ بەکارهێنانی ئەو درۆنانە لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە گوانتانامۆ، کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناوچەی “کی وێست” لە ویلایەتی فلۆریدا، کە تەنها 90 میل لە باکووری هاڤاناوە دوورە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە کە لەوانەیە وەک هۆکارێک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە بەکاربهێنرێن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدەن کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تا چەند کوبا بە هەڕەشە دەزانێت.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، “کاتێک بیر لە بوونی ئەم تەکنەلۆژیایە لەم مەودا نزیکەدا دەکەینەوە، لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک لایەنی تێکدەر، لە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بگرە تا باندەکانی ماددەی هۆشبەر، بابەتەکە دەبێتە جێگەی نائارامی و نیگەرانییەکی زۆر.”

