zagros news agency

بانکی ناوەندی عێراق خەرجی بەکارهێنانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دەرەوە کەم دەکاتەوە

 

بانکی ناوەندی عێراق ڕێنمایی نوێی بۆ بانکەکان و کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەرکرد، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی بەکارهێنانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە دەرەوەی وڵات.

بەپێی ئەم ڕێنماییە، بانکی ناوەندی داوای لە بانک و کۆمپانیاکانی دەرکەری کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی کردووە، نرخی دۆلاری ئەمریکی بە ١٥٢٠ دیناری عێراقی بۆ هەر دۆلارێک جێبەجێ بکەن، بۆ ئەو مامەڵانەی لە ڕێگەی دەروازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی (Payment Gateways) و ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن (POS) لە دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدرێن.

هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە کرێ و کۆمسیۆنی ئەم مامەڵانە بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف بۆ بەکارهێنەران ئاشکرا بکرێت و کەمترین کۆمسیۆن وەربگیرێت، بە جۆرێک پشتگیری لە فراوانکردنی بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بکات.

لە بەرامبەردا، بانکەکان و کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی ئامادەیی تەواویان بۆ پابەندبوون بەو ڕێنماییانە و هاوکاری لە جێبەجێکردنیان دەربڕیوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراق دێت بۆ بەهێزکردنی متمانە بە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان لە مامەڵە دارایی و بازرگانییەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕوانە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە

یاسین

ترەمپ: ئێران دەستبەرداری خواستە گڵاوەکانی نابێت

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. بورنمۆس شکستێکی چاوەڕواننەکراوی بەئارسناڵ هێنا

یاسین