ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە ئاراستەی هەڵکشانەکەی دا و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد.
لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 94.27 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (93.76 دۆلار) بە بڕی 51 سەنت بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش زیاتر سەرکەوت و گەیشتە 91.41 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (90.14 دۆلار) بەرزبوونەوەی 1.27 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم گۆڕانکارییە و سەرهەڵدانەوەی لاریی نرخەکان بەرەو سەرەوە نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا بە تەواوی لە دۆخی دڵەڕاوکێ ڕزگاریان نەبووە؛ بازرگانان و وەبەرهێنەران بە وریاییەکی زۆرەوە چاوەڕێی هەنگاوی کرداریی و فەرمی دەکەن لە نێوان واشنتن و تاراندا بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی گەرووی هورمز.
هاوكات بازرگانان بە گرینگییەوە دەڕواننە ناوەڕۆکی لێدوانەکانی هەردوولا بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە تەنگەی هورمز و جووڵەی ڕاستەقینەی کەشتییە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمزدا، ئەمەش وایکردووە نرخەکان دووبارە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن.

