سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە21-6-2026، ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەمریکا ببێتە فریادڕەسی گەرووی هورمز و ڕێژەی لەسەدا بیستی نەوتەکە ببات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ناچار بن دەتوانن کۆنتڕۆڵی گەرووەکە بکەن.
ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوتی: ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەینە ڕێککەوتن، ئەوا باجی تێپەڕین لە گەرووی هورمز دەسەپێنین، و باسی لەوەش کرد, بە ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە ئەگەر گەرووی هورمز دابخەن ئەوا وڵاتێکتان نامێنێت و دانوستانکارانی ئێرانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کرد کە لە ئێستادا بزووتنەوەی حەماس کێشەیەکی ئەوتۆ لە غەززە دروست ناکات و پێویستە سەرنجەکان لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بن.
ترامپ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێت کە خۆی لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی لە هەلی کار و ئەدای بازاڕی پشکەکان و باشترین ئابووریدا دەبینێتەوە، هەروەها ڕایگەیاند، کە بێ گومان بەهێزترین سوپایان لە جیهاندا هەیە و لە هەموو قۆناغەکاندا سەرکەوتنی بێ وێنە بەدەستدەهێنن.
ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە سویسرا لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جێگری ترامپ، جی دی ڤانس و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیباف، بە هاوکاری هەردوو وڵاتی نێوەندگیر پاکستان و قەتەر دەستیان پێکرد. لای خۆشییەوە ڤانس ڕایگەیاند، کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران تاوتوێی بەدیهێنانی ڕێککەوتنێکی نوێ دەکەن کە ئامانج لێی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە کاتێکدا تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی لوبنان و پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە پێشەنگی ئەو بابەتانەن کە تاوتوێ دەکرێن.

