حکوومەتی ئەڵمانیا زیادکردنی ژمارەی دەرکردنی ئەو هاووڵاتییانەی ئەفغانستانی ڕاگەیاند سزای تاوانبارییان هەیە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەگەری هەیە مانگانە تا سێ گەشتی ئاسمانیی چارتەر بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانە بۆ کابول ئەنجام بدرێت؛ ئەم هەنگاوەش ڕەخنەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.
بە پشتەبەستن بە ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵی “ئێن تی ڤی”ی ئەڵمانی، حکوومەتی ئەو وڵاتە بەتەمایە ژمارەی دەرکردنی ئەو کۆچبەرە ئەفغانستانانەی سزای تاوانبارییان هەیە، زیاد بکات. لە کاتێکدا حکوومەت ئەم هەنگاوە بە بەشێک لە سیاسەتی تەناهیی خۆی دەزانێت، ڕەخنەگران لە لێکەوتەکانی هاوکاری لەگەڵ تاڵیبان و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان هۆشداری دەدەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئێستا لانی کەم سەد کۆچبەری ئەفغانستان بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە، لە زیندانە ئاسایییەکان یان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی پێش دەرکردن ڕاگیراون.
ئەلیکساندەر دۆبرینتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەی “بیڵد ئەم زۆنتاگ”ی ئەڵمانیی گوت: “ئەوانەی خراپ سوود لە پاراستنی ئێمە وەردەگرن و لە ئەڵمانیادا تاوانی قورس ئەنجام دەدەن، دەبێت لە وڵاتەکەی خۆیاندا بەدوای داهاتوودا بگەڕێن. کۆمەڵگەی ئێمە بە شێوەیەکی ڕەوا چاوەڕێ دەکات تاوانباران خاکی ئەڵمانیا جێ بهێڵن.”
دۆبرینت جەختی کردەوە لەمەودوا گەڕاندنەوەی زۆرەملێی تاوانباران بۆ ئەفغانستان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجام دەدرێت.
بە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بیڵد ئەم زۆنتاگ، نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و تاڵیبان لە دانوستانێکی نهێنیدا لەسەر ئاستی پسپۆڕی، دەربارەی دەرکردنی کۆچبەران بۆ ئەفغانستان گفتوگۆیان کردووە. ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی لە ئەنجامی ئەو ڕاوێژانەدا، ئەگەری زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییە چارتەرەکان بۆ گواستنەوەی کەسە دەرکراوەکان بۆ ئەفغانستان هەیە.
حکوومەتی ئەڵمانیا تا ئێستا وردەکاریی ئەو دانوستانانە یان بەرنامەی ئەگەریی زیادکردنی گەشتەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەدرێن ڕێکخراوی پشتیوانی کۆچبەرانی “پرۆ ئازۆل” لە مانگی ئازاردا بە توندی ڕەخنەی لە دەرکردنی تاوانباران بۆ ئەفغانستان گرتبوو. ئەو ڕێکخراوە هۆشداریی دابوو هاوکاری لەگەڵ تاڵیبان بۆ جێبەجێکردنی دەرکردنەکان، دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەو گرووپە.
هێلین ڕزنه، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو ڕێکخراوە گوتی: “ئەڵمانیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر دەرکردنی کۆچبەران، خەریکی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانە لەگەڵ حکوومەتێک ژنانی لە زۆرینەی مافەکانیان بێبەش کردووە و نەیاران بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕاوەدوو دەنێت.”
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش چەندین جار داوای ڕاگرتنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران و کۆچبەرانی بۆ ئەفغانستان کردووە. ئەو ڕێکخراوە دەڵێت ژنان، کچان و زۆرێک لە گرووپە لاوازەکان لەو وڵاتەدا هێشتا لەبەردەم مەترسیی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدان.
هەروەها ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکانیدا باسی لە بەردەوامیی سنووردارکردنی بەرفراوان بەرانبەر ژنان و کچان، دەستبەسەرکردنی ڕەخنەگران و سنووردارکردنی ئازادیی میدیاکان لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا کردووە.
لە بەرانبەردا، حکوومەتی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە ئەم دەرکردنانە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی قورسەوە سزادراون. ئەلیکساندەر دۆبرینتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا بەدوای “بەرژەوەندییە ڕەواکانی” خۆیدا دەگەڕێت لە دەرکردنی تاوانبارە بیانییەکاندا و گەڕاندنەوەی ئەم کەسانە بەشێکە لە سیاسەتی حکوومەت بۆ پاراستنی تەناهیی گشتی.
ناوبراو ڕوونی کردەوە ئامانج لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی تاڵیبان، ڕەخساندنی دەرفەتی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەیە تاوانی قورسیان ئەنجام داوە.

