لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا، ئاراستەی دۆخ لەنێوان ئێران و ئەمریکا توندتر بووە، کە یەکەمین ڕووداوە لە دوای واژۆکردنی یادداشتی تێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات لە سویسرا.
واشنگتۆن تاران بە هێرشکردنە سەر یەکێک لە کەشتییە بازرگانییەکانی خۆی لە تەنگەی هورموز تاوانبار کرد، کە دوای ئەوە هێزەکانی ئەمریکا چەند ئامانجێکی سەربازیان لە ناوچەکە بۆردومان کرد. لە بەرامبەردا، تاران ڕایگەیاند کە هێرشێکی لەسەر شوێنەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە، بەپێی ئەوەی میدیای فەرمی ئێران ڕۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە.
ئەم ئاڵوگۆڕەی هێرشە سەربازییانە یەکەمین جۆری خۆیەتی لە دوای واژۆکردنی یادداشتی تێگەیشتن لە ١٧ی حوزەیران. ئەم پەرەسەندنەش پرسیار لەسەر هەوڵەکانی پاراستنی کراوەیی تەنگەی هورموز و بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان واشنگتۆن و تاران بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی بۆ شەڕەکە هەڵگرتووە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا، کە ئامانجی کۆگاکانی مووشەک، فرۆکەی بێ فڕۆکەوان و شوێنەکانی ڕاداری کەناراوەکانی ئێرانیان بوو، وەڵامێک بوو بۆ «هێرشی بێ هۆی هێزەکانی ئێران بەرامبەر کەشتیگەری بازرگانی، کە بە ڕوونی پێشێلکاری وەستانی ئاگردان بوو».
لە هەمان کاتدا، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بە گوێرەی نێردراوێکی خۆی لە شاری کەناراوی سیرێک ڕایگەیاند کە لە درەنگانی شەوی هەینی دەنگی تەقینەوە لە بەندەری تەهراوی بیستراوە. سەرچاوەیەکی سەربازی ئاماژەی کرد کە تەقینەوەکە بەهۆی کەوتنی پرۆژەکتایلێک بووە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی «مهر» ڕایگەیاند کە بەندەری سیرێک بە شێوەی ئاسایی کار دەکات و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر زیان گەیشتن بە دامەزراوەکان یان کەرەستەکانی بەندەر بڵاونەکراوەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئەم هێرشەی بە «وەڵامێکی بەهێز» بۆ هێرشی ڕۆژی پێشوو لەسەر کەشتییەکی بازرگانی لە تەنگەی هورموز ناو برد.
لە پێشترەوەش، سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترامپ، هێرشی فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران لەسەر ئەو کەشتییەی مەحکوم کرد و بە «پێشێلکارییەکی ئاشکرا»ی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات وەسفی کرد.

