ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی ڤێنیزوێلا گەیشتە زیاتر لە ١٧٠٠ کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان ناردنی ١٠ هەزار کیسەی گواستنەوەی تەرمی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند. هاوکات ماچادۆ، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا، دووبارە خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی دەربڕی.
خۆرخێ ڕۆدریگز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤێنیزوێلا و برای دێڵسی ڕۆدریگزی سەرۆک کۆماری کاتیی ئەو وڵاتە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی حوزەیران ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزە ئەم دواییەی ڤێنیزوێلا گەیشتووەتە هەزار و ٧١٩ کەس. هەروەها گوتی زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.
ڕۆدریگز گوتیشی لە کۆی نزیکەی ٨٠٠ باڵەخانەی زیانپێکەوتوو، ١٨٩ باڵەخانەیان بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکانی ٧.٢ و ٧.٥ ڕێختەریی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بە تەواوی ڕووخاون.
سەرۆکی پەرلەمانی ڤێنیزوێلا ئاماژەی بەوە دا لە کاتی ڕوودانی ئەو بوومەلەرزانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ پاشلەرزە تۆمار کراون، کە یەکێکیان بە گوڕی ٤.٢ ڕێختەر لە ڕۆژی دووشەممەدا بووە و بووەتە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە.
تیمە فریاگوزارییەکانی ڤێنیزوێلا و چەند وڵاتێکی دیکە هێشتا سەرقاڵی گەڕانن لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا؛ ئەو شوێنانەی بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی زەویناسیی ئەمریکا، ئەگەری هەیە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەست دابێت.
پسپۆڕان دەڵێن ئەگەری دۆزینەوەی کەسانی زیندوو دوای تێپەڕبوونی ٧٢ سەعات زۆر کەمە. لە ناو کەسوکاری قوربانیاندا بێهیوایی ڕووی لە زیادبوون کردووە، چونکە دەترسن تەنانەت تەرمی ئازیزانیشیان دەست نەکەوێتەوە.
سیمۆنێ واڵتەر، هەماهەنگیکاری یارمەتییە بەپەلەکان لە ڕێکخراوی فریاگوزاریی “هێڵپ”، ڕۆژی دووشەممە گوتی: “ئەگەر هێشتا کەسانی ڕزگاربوو لە ژێر داروپەردوودا مابن، ئێستا هەموو چرکەیەک بۆ ئەوان گرنگە. ئەزموونی ئێمە لە بوومەلەرزەکانی ڕابردوودا نیشانی دەدات تەنها نزیکەی ١٠٪ی کەسە بێسەروشوێنەکان بە زیندوویی ڕزگار دەکرێن؛ کات بە خێرایی لەدەست دەچێت.”
نەتەوە یەکگرتووەکان کە نیگەرانی زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی ڤێنیزوێلایە، ڕایگەیاند ١٠ هەزار کیسەی گواستنەوەی تەرم دەخاتە بەردەستی ئەو وڵاتە. ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە هیوای خواست ژمارەی کۆتایی قوربانیان نەگاتە ئەو ئاستە.
جانلوکا ڕامپۆلا دێڵ تیندایرۆ، هەماهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ڤێنیزوێلا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئۆنلایندا گوتی: “خەریکی ئامادەکردنی ١٠ هەزار کیسەی گواستنەوەی تەرمین و ئەمەش هەنگاوێکە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرەدا لەسەری ڕێک کەوتووین. ئەم کارە تا ڕادەیەک لەسەر بنەمای خەمڵاندنێک ئەنجام دەدرێت و بە ڕاستی خەمناکە. بەڵام بە دڵ هیوادارین ژمارەی قوربانیان لە کۆتاییدا لەم ڕەقەمە کەمتر بێت.”
هاوکات ماریا کۆرینا ماچادۆ، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا، ڕۆژی دووشەممە گوتی “ئامادەیە هەر کارێکی پێویست بێت” ئەنجامی بدات بۆ چوونە ناو ڤێنیزوێلا و بەشداریکردن لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە. ئەم براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی ٢٠٢٥ کە ئێستا لە پەنەمایە، حکوومەتی ڤێنیزوێلای تۆمەتبار کرد کە ڕێگری لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات دەکات.
هەواڵی داهاتوو

