لە کاتێکدا لە تیکتۆک و ئینستاگرام دیاردەیەک بە ناوی «ڕوخساری فریتین» بڵاو بووەتەوە و هەندێک کەس رەشیی ژێر چاو و سپی هەڵگەڕان بە کەمیی ئاسن دەبەستنەوە، پزیشکان و شارەزایان هۆشداری دەدەن کە تەنها لە ڕێگەی ڕوخسارەوە ناتوانرێت کێشەی نەبوونی ئاسن دەستنیشان بکرێت و پێویستی بە پشکنینی ورد هەیە.
ژنێکی گەنج لە تیکتۆک بە ئاماژەدان بە رەشیی ژێر چاو، شکانەوەی قژ و رەنگ زەرد بوون، ئەم نیشانانەی گەڕاندەوە بۆ نزمیی ئاستی ئاسن لە جەستەیدا و وێنەی پێش و پاش چارەسەری بڵاو کردەوە.
ئەم دەستەواژەیه بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس نیشانەکانیان بەراورد بکەن، بە جۆرێک کە هەندێک دەڵێن «کێشەکە ئەوە نییە ناشرین بوون، بەڵکو فریتینەکەت نزمە».
لە بەرامبەردا، پزیشکی گشتی دکتۆر عەزیزە سیسی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە «ڕوخساری فریتین» دەستنیشانێکی پزیشکیی ڕاستەقینە نییە، هەرچەندە دەکرێت سەرەداوێک بێت بۆ ڕوودانی گۆڕانکاری لە جەستەدا.
ئاستی فریتین نیشان دەدات کە کۆگاکانی ئاسنی جەستە لە چ بارودۆخێکدانە، لە کاتێکدا همۆگلۆبین پرۆتینێکە لە گۆیە سوورەکانی خوێن کە ئۆکسیژن دەگوازێتەوە.
پسپۆڕی هماتۆلۆژی، دکتۆر دروو پرۆوان، ڕونی دەکاتەوە کە دەکرێت جەستە هیچ کۆگایەکی ئاسنی نەمابێت، بەڵام هێشتا ئاستی همۆگلۆبینی خۆی ڕاگرتبێت، کە ئەمەش وای لێدەکات کەسەکە کێشەی کەمیی ئاسنی هەبێت بەبێ ئەوەی تووشی کەمخوێنی بووبێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، ئەگەر ئاستی فریتین لە ١٥ میکروگرام لە لیترێک کەمتر بوو، واتە کۆگاکانی ئاسن بە تەواوی خاڵی بوونەتەوە.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە دەستنیشانکردنی کێشە لە ڕێگەی ڕوخسارەوە «بابەتی و متمانەپێنەکراوە»، بەتایبەت لە کەسانی خاوەن پێستی تۆختردا کە گۆڕانکاریی ڕەنگ کەمتر دەبینرێت.
بەکارهێنانی حەب و چارەسەری سەرخۆیی بەبێ ڕاوێژی پزیشکی لەوانەیە زیانبەخش بێت و هۆکاری ڕاستەقینەی کێشەکە بشارێتەوە.

