zagros news agency

شێرەکانی ئەتڵەس و کەڵەشێرەکان جارێکی تر لە مۆندیالدا بەیەک دەگەن

​لە بەردەوامیی یارییەکانی قۆناغی 16ی مۆندیالی 2026دا، هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و مەغریب توانیان بلیتێکی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەدەستبهێنن و بگەنە ڕووبەڕوبوونەوەیەکی لووتکە لە دژی یەکتر.

​هەڵبژاردەی فەڕەنسا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هەڵبژاردەی پاراگوایدا تۆمارکرد بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام. تاکە گۆڵی یارییەکە لەلایەن ئەستێرەی درەوشاوە کیلیان ئێمباپێوە تۆمارکرا، کە بەم گۆڵە تیمی وڵاتەکەی گەیاندە قۆناغی داهاتوو.

ئێمباپێ لەم پاڵەوانێتییەدا ئاستێکی مێژوویی پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ماوەی 5 یاری دا توانیویەتی 7 گۆڵ و 2 ئەسیست تۆمار بکات، بەمەش بە کۆی گشتی بەشداریی لە 9 گۆڵی هەڵبژاردەکەیدا کردووە.

​لەلایەکی دیکەوە، هەڵبژاردەی مەغریب بە ئاستێکی بەهێز و باڵادەستییەکی تەواوەوە توانی شکست بە هەڵبژاردەی کەنەدا بهێنن بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام (3-0)، و بە شایستەیی بگەنە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
​بەم شێوەیە، قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2026 دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت؛ کاتێک فەڕەنسا و مەغریب جارێکی دیکە لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
هاندەرانی تۆپی پێ بە باشی یاریی مۆندیالی 2022ی قەتەریان لە یادە، کە تێیدا ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە قۆناغی پێش کۆتایی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و فەڕەنسا توانی بە ئەنجامی (2-0) لە مەغریب بباتەوە و بگاتە یاریی کۆتایی، ئێستاش مەغریبییەکان دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەمە بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو شکستە مێژووییە.

هەواڵی پەیوەندیدار

یانەی ئارسێناڵ ویستی گواستنەوەی ڕۆدریگۆی هەیە

یاسین

گۆنزالۆ ئیناسیۆ تا ئێستا چارەنوسی دیار نیە

یاسین

کریستیانۆ:وازهێنانم لە تۆپی پێ زۆری نەماوە

یاسین