zagros news agency

براندێکی چینی جۆرە مۆدەیەک پێشکەش دەکات کە ڕەنگە کەس لەبەری نەکات

 

لە جیهانێکی مۆدەدا کە زۆرجار بە وردکاری، سادەیی (Minimalism) و بازرگانیبوونی متمانەپێکراو دەناسرێتەوە، براندی “KAKA The Label” وەک یاخیبوونێکی بەقەسد لەم باوە لادەدات. ئەم براندە کە بنکەکەی لە شاری نیویۆرکە و لە لایەن دیزاینەری چینی “ئەنجێلینا وو” سەرپەرشتی دەکرێت، دەکەوێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی هونەری پۆشاک و گێڕانەوەی چەمک گەرایی (Conceptual narrative)، کە تێیدا زیادەڕۆیی، ڕەنگەکان و کات بەسەربردن دەبنە ئامرازی دەربڕین نەک تەنیا ڕازاندنەوە.

گرنگترین خاڵەکانی ناو ئەم داهێنانە جیاوازەی بواری مۆدە:

یاخیبوون دژی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە: “ئەنجێلینا وو” شوناسی داهێنەرانەی براندەکەی بۆ ئەزموونی کەسیی خۆی دەگێڕێتەوە، کە لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا گەورە بووە و هەمیشە لەژێر فشاری کۆمەڵگەدا بووە بۆ خۆگونجاندن. ئەو لەبری خۆبەدەستەوەدان، بە شێوازێکی پێچەوانە و بە بەکارهێنانی ڕەنگەکان، خۆشی و زیادەڕۆیی وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری بەکارهێناوە. تەنانەت ناوی براندەکەش بۆ شکاندنی ئەو جدییەتە زۆرەیە کە لە جیهانی مۆدەدا هەیە.

تێکەڵکردنی پیشەی دەستی و کەرەستەی نامۆ: “وو” مۆدێلەکانی بۆ گەڕان بەدوای مانای بەرهەمهێنانی کولتووری و چەمکی “دروستکراوە لە چین” (Made in China) لە جیهانی هاوچەرخدا بەکاردەهێنێت. ئەو ئەزموونی خۆی لە تەکنیکەکانی چنینی دەستیی تەقلیدی (التطريز اليدوي) لە کاتی کارکردنی لەگەڵ دیزاینەری مۆدەی بەناوبانگ “گو بی” لە پەکین وەرگرتووە، بەڵام ئێستا ئەو کارامەیییانە لەگەڵ کەرەستەی نامۆ وەک پلاستیک، قوماشی پیشەسازی و یارییە ڕیسایکلکراوەکان تێکەڵ دەکات.

سەرچاوەکانی ئیلهام: پڕۆسەی داهێنانی ئەم دیزاینەرە لە بیرۆکە و وێنەکێشان لە دەفتەرەکەیدا دەستپێدەکات. سەرچاوەکانی تەنیا جیهانی مۆدە نییە، بەڵکو تەلارسازی، شێوەکاری و پەیکەرتاشیش دەگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە هەر پارچە جلێک ببێتە بەشێک لە گێڕانەوەیەکی بینراوی بەرفراوان.

چنینی دەستی وەک جۆرێک لە تێڕامان (تأمل): سەرەڕای شێوازی تاقیکاریی کارەکانی، چنینی دەستی بە توخمێکی سەرەکی دەمێنێتەوە. لە جیهانێکدا کە خێرایی و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ (Mass production) زاڵە، چنینی دەستی کات و سۆز دەبەخشێتە پارچەکان. “وو” ئاماژە بەوە دەکات کە دووبارەکردنەوە لە پڕۆسەی چنیندا جۆرێکە لە تێڕامان و هێورکردنەوەی مێشک، ئەگەرچی کارکردن لەگەڵ کەرەستە نانەریتییەکان تەحەددیی گەورە لە ڕووی کات و چڕیی بەرهەمهێنانەوە دروست دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

کاروان ستونی : تكایه‌ خۆتان له‌ حه‌جی نافه‌رمی بپارێزن

یاسین

شەش کەس بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن

یاسین

یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کەم بۆتەوه

یاسین