نووسەری ئەمریکی جۆ ئیستەرهاس، کە خاوەنی چیرۆکی فیلمی بەناوبانگی “Basic Instinct” ساڵی 1992ە، زانیاری نوێی لەبارەی دوورکەوتنەوەی لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە ئاشکرا کرد.
ئیستەرهاس لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری پۆپڵ ڕایگەیاند، بڕی 1.5 ملیۆن دۆلاری پێدراوە تەنیا بۆ ئەوەی بەشداری لە نووسینی بەشی دووەمی فیلمەکەدا نەکات کە لە 2006 بڵاوکرایەوە.
ئەو نووسەرە ڕوونیکردەوە، بەرهەمهێنەرانی بەشی دووەم داوایان لێ نەکردووە بچێتە ناو پڕۆژەکەوە، بەڵکو بڕیاریاندا بەبێ ئەو کارەکە بکەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەم پارەیە ئاسانترین بڕە پارە بووە کە لە ژیانی پیشەییدا بەدەستی هێنابێت.
ئیستەرهاس ڕەخنەی توندی لە بەشی دووەم گرت و لەو بڕوایەدایە، فیلمەکە ئەو توخمانەی تێدا نەبوو کە سەرکەوتنیان بە بەشی یەکەم بەخشی. ئەو دەڵێت، گواستنەوەی ڕووداوەکان بۆ لەندەن و پێشکەشکردنی لە چوارچێوەیەکی پۆلیسی کلاسیکیدا هۆکار بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکە ناسنامەی خۆی لەدەست بدات و چێژ و بوێری تێدا نەمێنێت.
ئێستا کار لەسەر پەرەپێدانی وەشانێکی نوێ دەکات بە هاوکاری ستۆدیۆکانی ئەمازۆن و یونایتد ئارتێستس بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شێوازە سەرنجڕاکێشە بەردەوام زیندوو بکاتەوە.

