zagros news agency

سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیانی لافاوەكەی هەولێر دەكات

 

سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی هاوخەمی و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو هاووڵاتییە كرد كە بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاوەکەی شاری هەولێرەوە گیانیان لەدەست دا.

لە پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی كەسوكار و ئازیزانی هەردوو قوربانییەکە، (محەمەد ڕەسوڵ حەمەدئەمین) و منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان بە ناوی (مستەفا سەركەوت خدر) كرد كە بەهۆی لافاوەكەی شاری هەولێرەوە گیانیان لەدەستدابوو.

سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی هاوبەشیی خەمی لەگەڵ هەردوو بنەماڵەكەدا، لە خوای گەورە داواكار بوو سەبر و دڵنەوایی بە كەسوكاریان ببەخشێت و گیانی پاكی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ خانەوادەی قوربانیانی لافاوەكەی هەولێر

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئازیزانی هەردوو هاووڵاتی (محەمەد ڕەسوڵ حەمەدئەمین) و (مستەفا سەركەوت خدر)ـی تەمەن پێنج ساڵ دەكەم كە بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوی دوێنێی شاری هەولێر بوونە قوربانی و گیانیان لەدەست دا. هاوبەشی خەمی هەر دوو خانەوادەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەم و لە خودای گەورە داواكارم سەبر و دڵنەواییان پێ ببەخشێت و ڕۆحی پاکی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی
8ی تشرینی دووەمی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری نێوخۆی تورکیا: ١٠٠ تۆمەتباری داعشمان دەستگیر کرد

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر دابەزی

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بڵاودەکاتەوە

دڵشاد