
لە چوارچێوەی بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و باشترکردنی سیمای شارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە (٦ـی تەمووزی ٢٠٢٦)، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتموزار و شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی “پارکی هەوار”یان لە شاری هەولێر کرد.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا کە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئامادەی بوو، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی پارکەکە کرا.
پارکی هەوار یەکێکە لە پارکە گەورەکانی پایتەخت و دەکەوێتە سەر ڕێگەی قەزای بنەسڵاوە؛ بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە، دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران و چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە سنوورەکە سوود لە خزمەتگوزاری و ژینگەکەی وەردەگرن.
لە کاتی سەردانەکەدا، وەزیری شارەوانی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و گرنگیدانی زیاتر بە ڕووبەرە سەوزاییەکان کردەوە، وەک بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و شوێنی حەوانەوە بۆ هاووڵاتییان.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و زیادکردنی پارک و باخچە گشتییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

