zagros news agency

بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری نوێی لەبارەی پشکی دۆلاری گەشتیاران دەرکرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنی فرۆشتنی دراوی بیانی بەو هاوڵاتیانە دەرکرد کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، تێیدا بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی پشکی دۆلاری نەختینەیی.

گرنگترین خاڵەکانی بڕیارە نوێیەکە:
١. کەمکردنەوەی بڕی دۆلار: سەقفی پشکی نەختینەیی (کاش) بۆ هەر گەشتیارێکی پێگەیشتوو کرا بە (٢٠٠٠) دۆلار لە مانگێکدا، لە کاتێکدا پێشتر (٣٠٠٠) دۆلار بوو.
٢. هاندانی پارەدانی ئەلیکترۆنی: بانکی ناوەندی جەخت دەکاتەوە کە هاوڵاتییان پشتبەستن بە کارتە ئەلیکترۆنییەکان (کریدیت کارت و پریپەید) بکەنە ئامرازی سەرەکی بۆ خەرجییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، وەک جێگرەوەیەکی سەلامەتتر بۆ پارەی کاش.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکی ناوەندی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چاکسازیی ڕێکخراوەیی دێت کە ئامانجیان بریتییە لە:

  • پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و هاوتەریببوون لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
  • دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی دراوی بیانی بەو کەسانەی کە بە ڕاستی پێویستیانە.
  • بەهێزکردنی سەقامگیریی بازاڕی دراو و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکان.
  • هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی سیستەمی بانکی دیجیتاڵی و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕێکارانە تەنها ڕێکخستنین و ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئابووری عێراق و بەهێزکردنی متمانەی جیهانییە بە کەرتی بانکی وڵات.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

رۆژدا هونەری کوردی لە پاریس بە زیندوویی دەهێڵێتەوە

ART

ئاگاداریەک لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر

یاسین

عادل باخەوان بۆ لۆمۆند: هەژموونی ئێران، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی عێراقی خێراتر کردووە

سەڵاح