سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی “رویتەرز”ی ڕاگەیاند، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی گرنگی کە بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامی بدات، هەڵوەشاندەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری “F-35” بە تورکیا.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هیگسێس بڕیاربووە لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی شەڕی ئێران، بەڵام ئەم کۆبوونەوانە هەڵوەشێندراونەتەوە. تا ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری ئەم بڕیارە نەداوە.
بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “CNN” ڕایگەیاند، بە توندی دژی فرۆشتنی ئەو فڕۆکە جەنگییانەیە بە ئەنقەرە و مەترسییەکانی بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕوون کردووەتەوە. ناتانیاهۆ وتی: “ئەم هەنگاوە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات، چونکە تورکیا خاوەنی ویستی دوژمنکارانەیە.”
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئێران واژۆ کرابوو “کۆتایی هاتووە” و ئارەزووی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران ناکات.
ترەمپ کە لە لوتکەی ناتۆ لە تورکیا بەشداربوو، ئاماژەی بەوەدا کە سزاکانی سەر ئەنقەرە لادەبات و ئامادەیە فڕۆکەی F-35یان پێ بفرۆشێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، باشبوونێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
تورکیا پێشتر بەهۆی کڕینی سیستەمی “S-400″ی ڕووسی لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35 دوورخرابووەوە، بەڵام ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیەوێت ئەو سزایانە هەڵبگرێت، هەرچەندە ئەمە رووبەڕووی ناڕەزایەتی توندی ئیسرائیل و کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێتەوە.
رویتەرز

