zagros news agency

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە ئور مێژووی پیاوسالاریی ڕەها بەتاڵ دەکاتەوە

لە ژێر خۆڵی مێژووی کۆنی میزۆپۆتامیادا، بەڵگە شوێنەوارییە نوێیەکان خەریکن لاپەڕەکانی مێژوو سەراوژێر دەکەن. لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە نوێیەکانی سەر گۆڕستانی شاهانەی شاری “ئور”ی سۆمەری، تێڕوانینی باوی باڵادەستیی ڕەهای پیاوان لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەدا دەبەنە ژێر پرسیارەوە و دەیسەلمێنن کە ژنان نەک هەر پێگەیان هەبووە، بەڵکو لە لوتکەی هەرە بەرز و سەربەخۆی دەسەڵاتی سیاسیدا بوون.

ئەم بازدانە زانستییە نوێیە لە کاتێکدایە کە توێژەرانی هاوچەرخ دووبارە دەستیان کردووە بە خوێندنەوە و شیکردنەوەی ئەو دۆزینەوانەی کە زانای شوێنەوارناسی بەناوبانگی بەریتانی، سێر لیۆنارد ووڵی، لە نێوان ساڵانی ۱۹۲٦ بۆ ۱۹۳٤ لە شاری ئور ئەنجامی دابوون. بە بڕوای لێکۆڵەرانی ئێستا، ووڵی و هاوڕێکانی، لەژێر کاریگەریی تێڕوانینە باوەکانی سەدەی بیستەمدا بوون کە ڕۆڵی ژنانیان لە حوکمڕانیدا بە کەم سەیر دەکرد.

دکتۆر کاثلین مکافری، پسپۆڕی بواری خوێندنەوەی ڕەگەزی و ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆن، سەرکردایەتی پڕۆژەیەکی گەورە دەکات بۆ دووبارە شیکردنەوەی بەڵگە شوێنەوارییەکان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ.

مکافری و تیمەکەی گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی کە: فۆرم و شکۆمەندی گۆڕەکان، پێچەوانەی ئەو باوەڕەن کە پێشتر هەبوو.

ئەنجامی پێداچوونەوەکان دەریانتەقاندووە کە گەورەترین و دەوڵەمەندترین گۆڕەکانی نێو گۆڕستانی شاهانەی ئور، سەر بە ژنانی دەسەڵاتدار بوون. ئەم گۆڕانە بڕێکی خەیاڵی لە زێڕ، زیو، خشڵ و گەوهەری بەنرخیان تێدابووە، لەگەڵ ڕێوڕەسمی قوربانیکردنی مرۆیی (پێشکەشکردنی قوربانی بۆ پاشایەتییەکەیان). لە بەرامبەردا، ئەو گۆڕە کەمانەی کە بڕوا وایە هی پیاوان بن، لە ڕووی قەبارە و دەوڵەمەندییەوە زۆر بچووکتر بوون و هێما و نیشانە شاهانەییەکانیان پێوە نەبووە.

شوێنەوارناسان وەک نموونەیەکی زیندوو، ئاماژە بە گۆڕی شاژنە بوابی دەکەن کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بە ساغی و بێ دەستکاریکردن مابووەوە. لەم گۆڕەدا جگە لە گەنجینە بێشومارەکان، تەرمی ۲٤ قوربانیی مرۆیی دۆزرانەتەوە کە لەگەڵیدا نێژراون بۆ خزمەتکردنی لە جیهانی دواوەدا.

لە نێو کلوپەلەکانی شاژنە بوئابیدا، مۆرێکی لولەکی دۆزراوەتەوە کە نازناوی “نین”ی لەسەر هەڵکۆڵراوە. ئەم نازناوە لە زمانی سۆمەری کۆندا بەواتای “حاکم یان فەرمانڕەوای سەربەخۆ” دێت، هیچ ئاماژەیەک یان ناوی هیچ هاوسەر و پیاوێکی لەگەڵدا نییە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەو بە تەنیا و بە شێوەیەکی ڕەها فەرمانڕەوایی شاری ئوری کردووە.

توێژینەوە نوێیەکە پەردە لەسەر جۆرێک لە “بێدادگەیی مێژوویی” لادەدات کە بەرامبەر بەڵگەکان کراوە. بۆ نموونە: گۆڕی ژمارە ۱۰٥٤ کە سەر بە شاژنێکیدیکە بووە، خەنجەر، ئامرازی جەنگ و مۆری شاهانە دۆزراونەتەوە. بەڵام لیۆنارد ووڵی لەو سەردەمەدا گریمانەی ئەوەی کردبوو کە “ئەم مۆرانە هی ئەو ژنە نین و ڕەنگە هی کەسێکی دیکە بن”، تەنیا لەبەر ئەوەی بڕوای نەدەکرد ژنێک خاوەنی خەنجەر و مۆری دەسەڵات بێت! ئێستا زانایان دەڵێن ئەو کاتە لێکدانەوەکان بێ بەڵگە بوون و تەنیا لەسەر بنەمای کاریگەریی پیاوسالاری بوون.

مۆرێکی تایبەت بە شاژن “ئەیە-سو-سیکیل-ئەم” دۆزراوەتەوە کە ناوی ئەوی بەستووەتەوە بە نازناوی پاشای ئور، لە کاتێکدا ناوی هاوسەرەکەی تەنیا وەک هاوەڵ یان مێردی شاژن هاتووە. ئەمەش نیشان دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی ڕەسەن لای ژنەکە بووە نەک پیاوەکە، بەڵام لە مێژوونووسینی دواتردا ئەم ڕاستییە شێوێنراوە.

توێژەران هۆکاری ئەم دەسەڵاتە بەهێزەی ژنان بۆ پێگەی “دامەزراوەی ئایینی” لە شاری ئور دەگەڕێننەوە. لەو سەردەمەدا، کاهینە گەورەکان کە  بەردەوام ژن بوون، دەسەڵاتێکی بێ سنووریان هەبووە. ئەوان نەک هەر پەرستگاکانیان بەڕێوەبردووە، بەڵکو کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکان و زەوی و زارەکانیشیان کردووە، ئەمەش وایکردووە ژنان ببنە هێزی یەکلاکەرەوەی ئابووری و لەوێشەوە بۆ کورسیی حوکمڕانی و سیاسەت هەنگاو بنێن.

ئەم دۆزینەوە و پێداچوونەوە زانستییانە، تێڕوانینی جیهان بۆ مێژووی ڕۆژهەڵاتی کۆن دەگۆڕن. سۆمەرییەکان و دانیشتوانی میزۆپۆتامیا، زیاتر لەوەی پیاوسالار بن، سیستمێکی سیاسیی فرەڕەهەندیان هەبووە کە تێیدا ژنان لەسەر بنەمای ئایین و لێهاتوویی، توانیویانە ئیمپراتۆریەتە مەزنەکان بەڕێوەببەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئوسترالیا: یاسایەک بۆ خستنە لیستی تیرۆرەوەی دامەزراوە حکوومییە دەرەکییەکان پەسەند کرا

سەڵاح

ئاربێلوا؛ مباپێ بۆ باری سبەی ئامادەیە

یاسین

هه‌ولێر… چه‌ند كۆڵانێك له‌گه‌ڕه‌كی ژیان قیرتاو كرا

سەڵاح