zagros news agency

پاکستان ئامادەیی خۆی بۆ بەرگری لە سعوودیە ڕادەگەیەنێت

 

گوتەبێژی سوپای پاکستان جەخت دەکاتەوە کە ئیسلامئاباد لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش و پەیمانی مەککەدا، ئامادەیە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگری لە ڕیاز بگرێتەبەر و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاسایشی سعوودیه بە “ڕەها و دانوستانهەڵنەگر” وەسف دەکات.

ئەحمەد شەریف چودری، گوتەبێژی سوپای پاکستان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی تشرینی دووەم، لە گوتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “الشرق الأوسط” ڕایگەیاند کە ئیسلامئاباد ئامادەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش و پەیمانی مەککەدا، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگری لە ڕیاز بگرێتەبەر.

ئەم بەرپرسە سەربازییەی پاکستان جەختی کردەوە کە پابەندبوون و بەرپرسیارێتیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئاسایشی سعوودیه “ڕەها و دانوستانهەڵنەگرە”. ناوبراو گوتیشی کە پاکستان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە پشتیوانییەکی پێویست بۆ ئامانجە بەرگرییەکان، چ لە ڕووی کارمەندی سەربازی، تواناکانی سەربازی، ڕاهێنان یان هاوکاریی لۆجستییەوە بێت.

چودری لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ “الشرق الأوسط” ئاشکرای کرد کە هێزەکانی پاکستان پێشتر لە سعوودیه ئامادەییان هەبووە و لە بوارە جیاوازەکاندا بە ئەرکی سەرەکیی پشتیوانیی بەرگری، ڕاهێنان و مانۆڕەکان کاریان کردووە.

ناوبراو گوتی کە گواستنەوە بۆ جێبەجێکردنی کردەییی پابەندبوونەکانی پەیمانی بەرگریی مەککە، دوای هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سعوودیه هات کە “نیگەرانییەکی قووڵی” پاکستانی لێکەوتووەتەوە.

چودری دووبارە جەختی کردەوە کە ئیسلامئاباد بە توندی هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، شارەکان و ژێرخانە مەدەنی و ئابوورییەکان ئیدانە دەکات؛ ئەو هێرشانەی کە بە گوتەی ناوبراو، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەروەریی سعوودیه و سەقامگیریی ناوچەکە.

گوتەبێژی سوپای پاکستان ئاماژەی بەوەش دا کە کۆبوونەوەی نوێنەرانی هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی مەککە و ئێران کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەم لە تاران بەڕێوەچوو، بە ئامانجی دروستکردنی “چوارچێوەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ناوچەیی” بووە.

بەپێی پەیمانی مەککە کە سعوودیه، پاکستان و تورکیا واژۆیان کردووە، هێرشکردنە سەر یەکێک لە ئەندامەکان، بە هێرشکردنە سەر هەرسێ وڵاتەکە دادەنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎كەم ئاوی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێتە كێشە و بۆ عێراق هەرەشە

گوران

ئیسرائیل درۆنێکی خستە خوارەوە لە میسرەوە چەکی دەگواستەوە وڵاتەکەی

سەڵاح

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازى له‌ نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق دەکات

سەڵاح