zagros news agency

سبەی زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەرەو واشنتن بەڕێ دەکەوێت

 

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە عەلی زەیدی، سبەی دووشەممە به سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا دەچێتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەش کرد کە زەیدی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسان و دامەزراوە ئابووری و داراییەکان ساز دەکات.

گرنگترین تەوەر و لێدوانەکانی گوتەبێژی حکومەت لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا:

ئامانجی سەرەکیی گەشتەکە: عەبوودی ڕایگەیاند کە ئەم سەردانە بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکانە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش داڕێژراون. جەختیشی کردەوە کە ئەم گەشتە بەهۆی بارودۆخی هەستیاری ناوچەکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و ئامانجی گۆڕینی شێوازی پێوەندییەکانە لە “بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە” بۆ “هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن”.

بابەتی سەرەکی ئابوورییە: جیاوازیی ئەم سەردانە لەگەڵ گەشتەکانی پێشوودا ئەوەیە کە تەوەری سەرەکی و بنەڕەتییەکەی ئابووری و وەبەرهێنانە. هەموو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانیش لە چوارچێوەی “ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی” دەبن و هیچ گۆڕانکارییەک لەو ڕێککەوتننامەیەدا ناکرێت.

کەرتی نەوت، غاز و بەدیلی گەرووی هورمز: چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری نەوت و غازدا واژۆ دەکرێن بۆ هێنانی کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەمریکا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. هەروەها کار دەکرێت بۆ دۆزینەوەی دەروازەی نوێی هەناردەکردن تا کاریگەریی قەیرانەکانی گەرووی هورمز لەسەر عێراق کەم بکرێتەوە.

سندووقی عێراقی-ئەمریکی بۆ گەشەپێدان: لێکتێگەیشتنەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا وەردەگێڕدرێنە سەر زەوی بە ناوی “سندووقی عێراقی-ئەمریکی بۆ گەشەپێدان و وزە” بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنان لە کەرتی بازرگانی، تەکنەلۆجیا و وزەدا.

پڕکردنەوەی کورسییە چۆڵەکانی کابینە: گوتەبێژ ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوکردنی کابینەی بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی سیاسییەوە، بەڵام حکومەت لە ڕێگەی ئەو شاندەی دەچێتە ئەمریکا چارەسەری کەمییەکانی ناو کابینەکە دەکات.

پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان و چەک لە دەستی دەوڵەتدا: دۆسیەی پڕچەککردن و گەشەپێدانی هێزە ئەمنییەکان بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان. سەبارەت بە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەکیش، عەبوودی ڕوونی کردەوە کە “حسەرکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا” بڕیارێکی تەواو عێراقییە بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارامی ناوخۆیی و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانی عێراق 11ـی نیسانی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری

سەڵاح

به‌ وێنه‌… گۆڕینی تۆڕی ئاوی بەشێك لە گەڕەکی ئەندازیارانی هه‌ولێر

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

یاسین