وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی گرژی و پێشهاتەکان دەربڕی کە کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە توندی نیگەرانە لەو پێشهاتانەی دەست دەبەن بۆ ئاسایشی هێڵە دەریاییەکان، و هۆشداریی دا لەو لێکەوتانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و زیان گەیاندن بە جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەتەوە، لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و هاوسێیەتیی باش، و دوورکەوتنەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان یان زیان گەیاندن بە سەلامەتیی کەشتیوانی.
وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە کۆماری عێراق پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و دەستکارینەکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان بە گرنگ دەزانێت، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە جێگیرکردنی ئاسایشی ناوچەیی و بەهێزکردنی متمانەی نێوان وڵاتانی هاوسێ.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوە داوای بەکارهێنانی زمان و ئامرازە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، و پشتگیریی تەواوی عێراقی بۆ سەرجەم ئەو هەوڵانە نیشاندا کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی ناوچەکەیە.

