zagros news agency

لەناو بوتڵی پلاستیکیدا: دەستبەسەر 30 ملیۆن دۆلاری “حەشارکراو” لە تکریتدا گیرا

لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕی هێزە ئەمنییەکان و تیمی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا لە شاری تکریت، دەستبەسەر بڕی 30 ملیۆن دۆلاری نەختێنەدا گیرا کە لەناو بوتڵی گەورەی پلاستیکیدا و لەناو دیواری ماڵێکدا حەشاردرابوون.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، دانیشتووانی شەقامی “ئەربەعین” لە ناوەندی شاری تکریت، دوای بیستنی دەنگی بەردەوامی “درێل و چەکوش” لەناو ماڵێکی گەڕەکەکەیاندا، دەزگا ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە. هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، خاوەندارێتییەکەی بۆ یەکێک لە خزمە نزیکەکانی (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە.

لە کاتی پشکنینی وردی خانووەکەدا، هێزە ئەمنییەکان شوێنی نهێنییان لەناو دیوارەکاندا دۆزیوەتەوە. لەوێدا دەستبەسەر 17 بوتڵی گەورەی پلاستیکیدا گیراوە کە سەرجەمیان پڕکراون لە دراوی دۆلاری ئەمریکی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند: “پڕۆسەی ژماردنی پارەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕی پارەکە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار دەبێت.”

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران و بازرگانانی سپیکردنەوەی پارە دەستپێکردووە. تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دەستەی دەستپاکی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کەرتی نەوتی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کردبوو.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، حەشارانی پارەیەکی لەو شێوەیە لەناو بوتڵی پلاستیکی و دیواردا، نیشانەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لای بەرپرسە گەندەڵەکان کە ئیتر ناتوانن سامانی گشتیی دزراو لە بانکەکاندا بپارێزن.

حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنی ماڵەکە و سەرجەم ئەو کەسانەی تێوەگلاون بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەو پارە زەبەلاحە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى هۆڵه‌ندا كۆبووه‌وه‌

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی چێک دەکات

سەڵاح