zagros news agency

توركیا… سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەکات


ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لادراوی پارتی گەلی کۆماری (CHP)، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ دەستیان پێکردووە، بەڵام هەر هەنگاوێکی فەرمی لەم بارەیەوە بەندە بە ئەنجامی کۆتایی ئەو ڕێکارە یاساییانەی ئێستا لە ئارادان.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، دادگایەکی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی ساڵی ٢٠٢٣ی پارتی گەلی کۆماری دا، کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل وەک سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردرابوو. دادگاکە بەبیانووی هەبوونی “سەرپێچی و ناڕێکی” لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا، بڕیاری دا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٣دا بەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان شکستی هێنابوو، بگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی.

ئۆزەل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (سۆزجو) ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە تانەدان لە بڕیاری لادانی و داواکاری بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نائاسایی، ئەگەر هەیە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یەکلایی ببنەوە. وتیشی: “ئەگەر ڕێگری لەم ڕێکارە یاساییانە کرا، ئەو کاتە بژاردەی دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەبێتە کارێکی کردەیی.”

سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی پارتە نوێیەکە، ئۆزەل وتی: “پێدەچێت لە کۆتایی مانگی تەمموز یان سەرەتای مانگی ئابدا هەنگاوی فەرمی لەو بارەیەوە بنرێت.”

بڕیارەکەی دادگا لە ناوخۆی تورکیادا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی ناسەقامگیری لە بازاڕە داراییەکاندا، هەروەها نیگەرانییەکی زۆری لای چاودێران سەبارەت بە دۆخی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە وڵاتەکەدا دروست کردووە. ڕەخنەگران ئەم بڕیارە بە “سیاسی” وەسف دەکەن و دەڵێن بەشێکە لە هەڵمەتێکی فشار بۆ سەر گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام حکومەتی تورکیا ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە.

شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە ئەم قەیرانە ناوخۆییەی ئۆپۆزسیۆن، دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەردۆغان دەڕەخسێنێت تا دەسەڵاتەکەی (کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەردەوامە) بۆ خولێکی تریش درێژ بکاتەوە. هەرچەندە بڕیارە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێن، بەڵام ئەگەر هەیە حکومەت سوود لەم پارچەپارچەبوونەی ناو ڕیزەکانی جەهەپە وەربگرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل زیاتر لە 20 کەسی لە لوبنان کوشت و بریندارکرد

یاسین

ئاگادارییەک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

چین ئەنجامی گفتوگۆکانی شی و ترامپ ڕادەگەیەنێت، هەنگاوێکی ئەرێنی لێكه‌وتۆته‌وه‌

سەڵاح