ئەمڕۆ دووشەممە، 20-7-2026، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری بەپەلە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دەگیرێتەبەر و لێژنەیەکی باڵاش بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگری لە گرانبوونی نرخەکان پێکدەهێنرێت.
پێشەوا هەورامانی، ڕاشیگەیاند “ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بەدواداچوونی وردی بۆ پرسی نرخی بەنزین کردووە و فەرمانی کردووە کە پێویستە بەزووترین کات نرخی بەنزین بهێنرێتە خوارەوە، بەجۆرێک کە هیچ بارگرانییەک بۆ سەر شانی هاونیشتیمانییان دروست نەکات.”
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە هاوكات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، لێژنەیەکی باڵا لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان پێکدەهێنرێت. ئەرکی ئەم لێژنەیە چاودێریکردنی وردی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە هەر هەوڵێک بۆ ئیستیغلالکردنی دۆخەکە و گرانکردنی نرخەکان بەدەر لە ڕێنماییەکان.
هەروەها جەختیشی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێم بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبێتەوە و هەر کەس و لایەنێک پابەندی بڕیارەکان نەبێت و بیەوێت باری دارایی هاووڵاتییان قورس بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەکرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی هاووڵاتییان بە نرخێکی گونجاو.

