سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، ئامۆژگاریی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکای کردووە کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران چونکە دانوستان گرنگترین ڕێگەیە. هاوکات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و باجی پڕۆژە چاکسازییەکەی.
زەیدی له چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڤاری (ذا إتلانتیک) گوتی:
پێویستە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی سەربازییەوە بگۆڕدرێن بۆ هاوبەشیی ئابووری، چونکە ئابووری پەیوەندی لە نێوان گەلاندا دروست دەکات نەک ئامادەییی سەربازی.
ڕاشیگەیاند کە پێویستە عێراق ببێتە “خاڵی بەیەکگەیشتن، نەک گۆڕەپانی دژایەتی” لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
دەسەڵاتی یاسا و چەک: جەختی لەسەر پێویستیی کۆکردنەوە و قۆرغکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و ڕەتی کردەوە ڕێگە بیدرێت عێراق ببێتە “دەوڵەتێکی شکستخواردوو”، هەروەها دووپاتی کردەوە حکومەت بەردەوامە لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی.
ئاماژەی بەوە کرد کە گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار ڕێگەی ڕاستەقینەی سەقامگیریین. هەروەها ڕایگەیاند کە تاوتوێی دروستکردنی هاوبەشییەکی وەبەرهێنانی ٣٠ ساڵەی لەگەڵ ئەمریکا کردووە کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا بێت.
زەرەری جەنگ و داخرانی گەرووی هورمز: خستیە ڕوو کە جەنگی کۆتایی و داخرانی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەر ئابووریی عێراق گەیاندووە، و داوای لە وەبەرهێنەران کرد سەیر وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ وەبەرهێنان بکەن.

