سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی، ڕێککەوتنی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر سەبارەت بە هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگەیاند.
عەلی زەیدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا کە لەگەڵ سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی لە قاهیرەی پایتەختی میسر ئەنجامی دا، ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی میسر ڕێککەوتوون لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و میسر.
زەیدی ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ سەرۆکی میسر گفتوگۆیان لەبارەی ئاسایشی ناوچەکەوە کردووە و جەختیشی کردەوە کە میسر دڵی نەتەوەی عەرەبە.
پێشتریش نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوی کردبووەوە کە عەلی فالح زەیدی لە کۆشکی ئیتیحادییە لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی کۆبووەتەوە و تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی هاوبەشیان لە دۆسیە و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە جێبایەخە هاوبەشەکاندا کردووە.
لە لای خۆیەوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و میسر کردەوە.
سیسی ڕایگەیاند کە دووپاتیان کردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ عێراقدا، هاوکات ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێکیان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداودا ڕاگەیاند، و ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی یەمەنەوە کردووە.

